Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، دەیڤد کۆپلی.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا کە کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، رۆب واڵەر تیایدا بەشداربوو، دۆخی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕیووە بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و هاندانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا کۆنفرانسێکی بازرگانی بۆ ئەم مەبەستە ساز بکرێت و گوتوویەتی کە دەرفەتی زۆر بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدانی زیاترە بە کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال کردووەتەوە کە فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە.