Hamdi Yıldız
21 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2024
ئیستانبوڵ - AA
لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە لە ئاکامی هێرشە ئاسمانیی، زەمینیی و دەریاییەکانی ئیسرائیل کە ماوەی زیاتر لە ١٠ مانگە بەردەوامە گیانیان لەدەستداوە ٤٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لە گۆڕستانەکانی کەرتەکەدا شوێن نەماوە بۆ بەخاکسپاردنی قوربانییان.
خەڵکی غەززە دووچاری سەختی بوونەتەوە لە دۆزینەوەی گۆڕ بۆ بەخاکسپاردنی کەسوکاریان کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانلەدەست دەدەن.
ئاماژە بەوە دەکرێت کە بە تایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاستی کەرتی غەززە شوێنی چۆڵ نەماوە بۆ هەڵکەندنی گۆڕ.
سەعد حەسەن بەرەکەت کە لە گۆڕستانی سوەیڤ لە شاری غەززە کار دەکات، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە ژیانی لە گۆڕستان بەسەر بردووە، بەڵام هیچ کات ڕووبەڕووی دۆخی لەم شێوەیە نەبووەتەوە.
بەرەکەت باسی لەوە کرد پێش جەنگ ڕۆژانە چەند تەرمێکیان بە خاک سپاردووە، بەڵام لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ڕۆژانە ٧٠، ٨٠، ١٠٠ تەنانەت هەندێکجار ٣٠٠ تەرمیان بە خاک سپاردووە.
هەروەها بەرەکەت ئاماژەی بەوە کرد کە لە گۆڕستانی سوەیڤ لە یەک گۆڕدا سێ تەرمیان لەسەر یەک بەخاکسپاردووە و، گوتی: "سەختییەکە ئەوەیە شوێن نەماوە بۆ هەڵکەندنی گۆڕ، من گۆڕم لەسەر گۆڕ دروست کردووە. گۆڕەکانی ئێرە نەک دووانین، بەڵکو سیان لەسەر یەکن".
بەرەکەت ئەوەیشی خستەڕوو کە پێشتر سێ گۆڕستانی لە ناوچەکە بەڕێوەبردووە و گوتی: "دەتوانم بچمە گۆڕستانەکانی ئەنسار و سوەیڤ. بۆردومان لە هەموو شوێنێک هەیە، دەتوانم بچمە ئەو گۆڕستانانەی خەڵکی لێیە. بۆیردومانەکان بە شەو و ڕۆژ بەردەوامە".
گوتیشی: "شەهیدەکان بە کۆمەڵی بە خاکدەسپێردرێن و پارەیان بۆ وەرناگیرێت. بەڵام ئەوانەی داوای گۆڕی تایبەت دەکەن پێویستە نزیکەی ٣٠٠ شێکل بدەن".
محەمەد عەبدوڵڵا، کە یەکێکە لەو کەسانەی لە کەمپی پەنابەرانی نوسەیراتەوە ناچار بە کۆچ کردن بووەتەوە، باس لەوە دەکات کە بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکانەوە دووچاری سەختی زۆر دەبن لە بەخاکسپاردنی تەرمەکاندا.
عەبدوڵلا باسی لەوە کرد کە بەهۆی بەرزی ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گۆڕستانەکان پڕبوون و، گوتی: "ژمارەی شەهیدان بەشێوەیەکی تۆقێنەر لە بەرزبوونەوەدایە. لە بچووکترین کۆمەڵکوژییدا ١٠ بۆ ٢٠ کەس شەهید دەبن. لە ناوچەی ناوەڕاست (ی کەرتی غەززە) تەنیا سێ گۆڕستانی لێیە. ئەوانیش پڕبوون".
هاوکات عەبدوڵلا باسی لەوە کرد گۆڕستانەکان تەنیا مردوویان تێدا نییە، بەڵکو زیندووانیشی لێیە و، گوتی: "شوێن نییە بۆ هەڵکەندنی گۆڕی نوێ، چونکە ژمارەیەکی زۆر خەڵک هەیە ئاوارەبوون و پەنایان بردووەتە بەر گۆڕستانەکان. زیندووە مردووەکان لە پێشترن".