Mustafa M. M. Haboush
20 مای,س 2025•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2025
غەززە ــ AA
لە ئاکامی زنجیرەیەک بۆردومانی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر ژمارەیەک ناوچەی کەرتی غەززە، ٥٠ فەڵەستینی کوژراون.
شایەتحاڵەکان و چەند سەرچاوەیەکی پزيشکی بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕاگەیاند کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل، دوو کەمپی ئاوارە فەڵەستینییەکانیان لە ناوەڕاستی شاری غەززە بۆردومان کردووە و بەھۆیەوە ١٠ فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

ھەروەھا سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماژەیان بەوەدا کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی خانوویەک لە کەمپی جەبالیا باکووری کەرتی غەززە، حەوت فەڵەستینی کوژراون.
ھاوکات چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی عەودە بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕاگەیاند کە کەمپێکی ئاوارە فەڵەستینییەکان لە کەمپی نوسەیرات ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، ١٥ فەڵەستینی کوژراون.

ھەرلەوبارەیەوە چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسیان لەوە کرد کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی خانوویەک لە شاری دێر بەلەح ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، ١٣ فەڵەستینی کوژراون.
