Zana Natık Kerem
19 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2021
غەززە ــ AA
لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، سێ فەڵەستینی دیکە کوژران.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیسرائیل بە سێ مووشەک، خانووی رۆژنامەنووس، یوسف ئەبو حوسێن لە گەڕەکی شێخ رەزوان بۆردومانکردووە و بەھۆیەوە ناوبراو کوژراوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە یوسف ئەبو حوسێن لە رادیۆی دەنگی ئەقسا، بێژەربوو.
ھاوکات رادیۆی دەنگی ئەقسا لە راگەیەنراوێکدا ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، کارمەندێکی کە ماوەی چەند ساڵێکە وەک بێژەر لە رادیۆکە خزمەت دەکات، کوژراوە.
لە لایەکی دیکەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، باڵەخانەیەکیان لە گەڕەکی رەمال رۆژئاوای غەززە بۆردمانکردووە کە بەھۆیەوە دوو فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەک دیکەیش برینداربوون.
ھەروەھا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە میانی زنجیرەیەک ھێرشدا، دوو خانوویان لە شاری بەلەح و خانوویەکی دیکەیان لە شاری خان یونس باشووری کەرتی غەززە بۆردومانکردووە، جگە لەوەیش ھەر بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە، باڵەخانەیەک لە ناوەڕاستی شاری رەفەح باشووری کەرتی غەززە و خانوویەکی دیکەیش لە شارۆچکەی بەیت حانوون باکووری کەرتی غەززە خاپوورکران، بەڵام تا ئێستا زیانەکان نەزانراوە.
شەوی رابردووش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، خاڵێکی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین-یان لە باکووری کەرتی غەززە بۆردومان کردبوو.
ھەروەھا فڕۆکە و تۆپخانەکانی ئیسرائیل شەوی رابردوو، شارەکانی خان یونس و رەفەح باشووری کەرتی غەززە بۆردومان کردبووو.
لە ١٠ی ئەم مانگەوە سوپای ئیسرائیل ھێرش بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجام دەدات کە تا ئێستا بەردەوامە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لە ئەنجامی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کوژراون، گەیشتووەتە ٢١٢ کەس کە ٦١یان منداڵن و ٣٦ی دیکەشیان ئافرەتن و ھەزار و ٤٠٠ کەسی دیکەیش برینداربوون، ھەروەھا ٢٢ کەس لە کەناری رۆژئاوا کوژراون و سەدانی دیکەیش برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، شەوی رابردوو لە میانی ٢٥ خولەکەدا، ١٢٢ بۆمب-یان ئاراستەی ژمارەیەک ئامانج کردووە لە کەرتی غەززە.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت بڵاویکردەوە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، عەمید ھێدی زیلبرمان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ١٢ کیلۆمەتر لە تونێلەکانی سەربە بزووتنەوەی حەماس کە شوێنی ئاراستەکردنی مووشەک بوون، خاپوورکردووە.
بەپێی ئەوەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی پێکردووە لە میانی ھێرش و بۆردومانەکانی شەوی رابردووی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر خان یونس و رەفەح باشووری کەرتی غەززە، ١٠ چالاکوانی حەماس و جیھادی ئیسلامی کوژراون.