Sayed Khodaiberdi Sadat
18 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2022
کابوڵ-AA
لە کابوڵ پایتەختی ئەفغانستان بەهۆی هێرشێکی بۆمبی و چەکداریی بۆ سەر پەرستگایەکی هیندۆس و سیخ دوو کەس کوژران.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی تاڵیبان، عەبدولنافیع تاکور، لە راگەیەندراوێکیدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند " بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی کارتەی پەرڤان-ی کابوڵ-ی پایتەخت هێرشێکی بۆمبی و چەکداریی بۆ سەر پەرستگایەکی هیندۆس و سیخ ئەنجامدراوە".
تاكور ئاماژەی بەوە دا كە هێرشبەرەكان لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە چالاکی خران و راشیگەیاند كە سیخێك و ئەندامێكی تاڵیبان لە هێرشەكەدا گیانیان لەدەستداوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد کە لە هێرشەكەدا حەوت كەس برینداربوون و بەشێك لە پەرستگاكە سووتا.
توندوتیژی هێرشەکە زیانی بە خانووەکانی دەوروبەری پەرستگاکەش گەیاندووە.
بە گوتەی شایەتحاڵان، هێرشەکە لە میانی مەراسیمێکدا بووە کە لە پەرستگاکە لەلایەن پەیڕەوانی ئایینەکانی هیندۆس و سیخەوە بەڕێوەچووە.
هێزەکانی تاڵیبان هەموو ئەو شەقامانەیان بەڕووی هاتووچۆدا داخست کە بەرەو پەرستگاکە دەچوون.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.
لەلایەکی دیکەوە، لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠دا، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر پەرستگایەکی سیخ لە ناوچەی شۆر بازاڕ-ی کابوڵ ٢٥ کەس کوژران.
- پەیڕەوانی ئاینی هیندۆس و سیخ لە ئەفغانستان
مێژووی ئاینی هیندۆس و سیخ لە ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ هەزار ساڵ لەمەوبەر. پەیڕەوانی ئەم ئاینە بەزۆری سەرقاڵی پیشەی بازرگانی و پزیشکین.
ژمارەی دانیشتوانی سیخ و هیندۆس لە ئەفغانستان لە ساڵانی چلەکاندا بۆ ٢٥٠ هەزار کەس زیادی کردبوو.