Zana Natık Kerem
17 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڕایانگەیاند، پێویستە کار بکرێت بۆ ڕێگریگرتن لە فراوانبوونی بازنەی شەڕ کە ھەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری ھەرێمی و نێودەوڵەتی دەکات.
بەپێی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جۆ بایدن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامداوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دوایین پێشھاتەکانی ڕەوشی فەڵەستین تاوتوێ کراوە و لەبارەیەوە جەخت کراوەتەوە لەسەر خستنەگەڕی ھەوڵەکان و پێکەوە کارکردن بۆ پاڵپشتیکردن لە سەقامگیری ناوچەکە.
باسی لەوەیش کردووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ھەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی پتەوترکردنی ھاوبەشی دووقۆڵیی نێوان عێراق و ئەمریکا کردووەتەوە، ئەوەیش لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان ھەردوو وڵات.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا بە پێویستیان زانیوە کە کار بکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ململانێیەکەی ئێستای غەززە و ڕێگریگرتن لە فراوانبوونی بازنەی شەڕ کە ھەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری ھەرێمی و نێودەوڵەتی دەکات.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی دووپاتی کردووەتەوە کە ھەڵوێستی عێراق بەرامبەر ئەوەی ئێستا لە غەززە ڕوودەدات نەگۆڕە و ڕایگەیاندووە کە گرنگە رێڕەوەکان لەپێناو گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە بکرێنەوە کە ڕووبەڕووی شەڕ و گەمارۆیەکی ناڕەوا بوونەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە کە بەردەوامبوونی دەستدرێژییەکان بۆ سەر غەززە، تووڕەیی گەلانی ناوچەکە و جیھانی لێ دەکەوێتەوە.