Bahtiyar Abdülkerimov
10 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2023
تاشکەنت - AA
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی لە ئۆزبەکستان، شەوکەت میرزیۆیەڤ کە لەسەر پارتی دیموکراتی لیبرال سەرلەنوێ کاندید بوو، بە بەدەستهێنانی سەدا ٨٧،٠٥ی دەنگەکان، بۆ حەوت ساڵی دیکە بە سەرکۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە.
دوای ئەو ریفراندۆمەی لە ٣٠ نیساندا لە ئۆزبەکستان ئەنجامدرا و تیایدا هەموارکردنی دەستوور پەسەند کرا، دوێنێ هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی بەڕێوەچوو.
لەو هەڵبژاردنەدا لە کۆی پێنج پارت کە لە ئەنجوومەنی یاسادانان باڵی خوارەوەی پەرلەمان نوێنەریان هەیە، چواریان کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەکە هەبوو.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکان، زەینەدین نیزامهۆجایێڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکۆمار میرزیۆیەڤ لەو هەڵبژاردنەی کە دوێنێ بەپێی رێساکانی دیموکراسیی و یاسا نیشتمانییەکان و فۆرمە یاساییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەچوو، بە بەدەستهێنانی سەدا ٨٧،٠٥ی دەنگەکان سەرلەنوێ بە سەرکۆمار هەڵبژێردراوەتەوە.
گوتیشی: ''بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان، ئەو کاندیدەی نیوە زیاتر لە دەنگەکانی بەدەستهێناوە، وەک سەرکۆماری هەڵبژێردراو دادەنرێت. بەپێی ئەوەیش شەوکەت میرزیۆیەڤ کاندیدی پارتی دیموکراتی لیبرال بە بەدەستهێنانی سەدا ٨٧،٠٥ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە سەرکۆماری ئۆزبەکستان هەڵبژێردرایەوە''.
نیزامهۆجایێڤ باسی لەوە کرد کە ژماردنی دەنگەکان کۆتایی هاتووە، بەپێی ئەوەیش لە سەرتاسەری وڵاتدا، تێکڕا ١٥ ملیۆن و ٦٥١ هەزار و ٤٠٥ دەنگدەر دەنگیان داوە، ئەو ژمارەیەش سەدا ٧٩،٨٨ی دەنگدەرانی تۆمارکراو دەکات.
نیزامهۆجایێڤ هەروەها باسی لەوە کرد کە کاندیدی پارتی دیموکراتی گەل، ئلوغبەگ ئینۆیاتۆڤ سەدا ٤،٠٢ و کاندیدی پارتی ئۆزبەکستان ئیکۆلۆژی، عەبدوشوکور حەمزایێڤ سەدا ٣،٧٤ و کاندیدی پارتی دیموکراتی دادیی کۆمەڵایەتیی، رۆبا مەحموودۆڤ سەدا ٤،٤٣ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردنی ئۆزبەکستان، ئەوەیشی خستەڕوو کە تا ئێستا هیچ سکاڵایەک لەبارەی ناڕەوایی لە هەڵبژاردنەکە تۆمار نەکراوە.
دوێنێ دەنگدەرانی ئۆزبەکستان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە.
ئۆزبەکستان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٦ ملیۆن کەسە، نزیکەی ٢٠ ملیۆن دەنگدەری تۆمارکراوی هەیە.
شەوکەت میرزیۆیەڤ کە لە هەڵنژاردنەکانی ٢٠٢١دا، سەدا ٨٠،١ی دەنگەکانی بەدەستهێنا بۆ یەکەمجار بە سەرکۆماری ئۆزبەکستان هەڵبژێردرا.