جيهان, شیکردنەوە

شیکاریی.. پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە: لە ستراتیجیەتی رکابەرێتییەوە بۆ ستراتیجییەتی هەماهەنگی

ئه‌و گرژیانه‌ى كه‌ له‌ نێوان توركیا و سعوودیه‌ دروستبوون، به‌ زۆرى كاریگه‌رى نه‌رێنى كردووه‌ته‌ سه‌ر پرسى بازرگانى نێوان هه‌ردوو وڵات.

Şerife Akıncı  | 27.06.2022 - نوێکردنەوە : 28.06.2022
شیکاریی.. پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە: لە ستراتیجیەتی رکابەرێتییەوە بۆ ستراتیجییەتی هەماهەنگی

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

شەریفە ئاکنجی* لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە ئەم شیکارییەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نووسیووە.

شازادەی جێنشینی سعوودیە محەمەد بن سەلمان بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە. لەو راگەیەندراوە هاوبەشەی دوای کۆبوونەوەکە بڵاو کرایەوە جەخت لەسەر دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات کرایەوە بە بوارەکانی وەک سیاسیی، ئابووریی، سەربازیی و ئەمنییشەوە.

- پەیوەندییە بارزگانییەکان بەر لە قۆناغی نوێ

ئابووریی بەشێکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ریاز پێک دەهێنێت. بە گەڕانەوە بۆ داتاکانی پەیوەندیدار بە بازرگانی ساڵانە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، ئەمە بە روونی دەبیندرێت. لە سەرەتای دوو هەزارەکان بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و زیادکردنی قەبارەی بازرگانی دانوستان لە نێوان هەردوو وڵات روویدا و لەمبارەیەوە هەنگاو لەلایەن هەردوو وڵاتەوە نرا. لە ٢٠٠٣ لە جددە کۆنسەی کاری نێوان تورکیا و سعوودیە دامەزرێندرا. لە ٢٠٠٥دا واژوو لەسەر پەیماننامەی هەماهەنگی ئەمنیی کرا و بڕیار درا هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هه‌بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ریشەکێشکردنی مادەی هۆشبەر. هەر لە ٢٠٠٥دا بەمەبەستی هاندانی وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە تورکیا بکەن بە هەماهەنگی لە نێوان ژووری بازرگانی ئیستانبوڵ و ژووری پیشەسازیی و بازرگانی جددە، سندوقی وەبەرهێنان پێکهێنرا کە لەلایەن دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی وەگەڕ دەخرا.

هاوتەریب لەگەڵ پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان دامەزراوە گشتییەکان، هاوکاری نێوان کەرتی تایبەتیش پەرەی سەند. ساڵانە ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە زیادی کردووە کە لە هەردوو وڵاتدا کاردەکەن. بە واژوو كردنی رێککەوتننامەکان لە چەندین بواری جیاجیادا، هاوکارییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە بەردەوام بوو. ئەم دەستپێشخەرییانەی نێوان تورکیا و سعوودیە کاریگەری جددیی کردە سەر گەشەی قەبارەی بازرگانیی نێوانیان.

لەکاتێکدا قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و سعوودیە لە ساڵی ٢٠٠٠دا یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و ساڵانە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٦دا گەیشتە سێ ملیار و ٢٣٥ ملیۆن دۆلار، لە ساڵی ٢٠١٠دا بووە سێ ملیار و ٥٩٨ ملیۆن دۆلار و لە ساڵی ٢٠١٢یشدا بە پێنج ملیار و ٨٤٧ ملیۆن دۆلار، گەیشتە لووتکەی مێژوویی خۆی.

جگە لە هاوکاریی ئابووریی، چالاکی رۆشنبیریش لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجامدرا. لە ساڵی ٢٠٠٨دا حکوومەتی سعوودیە تورکیای وەک میوانی فەخری بۆ ئاهەنگەکانی فێستیڤاڵی کولتووریی کاناداریا، بانگهێشت کرد. تورکیا بووه‌ یەکەم وڵاتی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی کە بەشداری لە فێستیڤاڵی کاناداریا کرد. لە میانی ئەو دیدارانەی کە لە فێستیڤاڵەکەدا بەڕێوەچوو، پرۆتۆکۆڵی هاوکاری گەشتیاری نێوان هەردوو وڵات واژوو کرا. لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٠دا ١٥ هەزار و ٧٧٩ هاووڵاتی سعوودی سەردانی تورکیایان کردووە، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٠٩دا بۆ ٦٦ هەزار و ٩٣٨ کەس و لە ساڵی ٢٠١٢دا بۆ ١٧٥ هەزار و ٤٦٧ کەس زیادیکردووە.

- ناکۆکی گەورەترین کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکان هەبووە

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢-٢٠١٩، لە قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتدا ئەگەرچی هه‌ڵكشان و داكشان بەدیکراوە بەڵام گەیشتووەتە قەبارەی پێنج ملیار دۆلار. ئەو گۆڕانکارییانەی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیەدا روویاندا زیاتر لە هەر شتێک کاریگەی نەرێنی لەسەر بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دروست کرد. لەو کاتانەدا کە ناکۆکییەکان گەیشتبوونە لووتکە، پەیوەندییە ئابوورییەکان روو لە لاواز بوون بوون. بەتایبەت لە چەند مانگێکی ٢٠٢١دا هەناردە کردنی کاڵای تورکی بۆ سعوودیە نزیک ببووه‌وه‌ لە پەککەوتن. هەروەها قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا چوار ملیار و ٢٢٧ ملیۆن دۆلار بوو لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ سێ ملیار و ٧٢١ ملیۆن دۆلار دابەزی.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا تورکیا گرنگییەکی زۆری بە بازرگانی لەگەڵ سعوودییە دا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا بازرگانی بۆ ئاستی سێ ملیار و ١٩٠ ملیۆن دۆلار کورتهێنانی بەخۆوە بینی. هەر لەو ساڵەدا وێڕای ئەوەی بڕیارێکی فەرمی بایکۆت کردن نەبوو، بەڵام هەناردەی کاڵای تورکی بۆ سعوودیە، دابەزینێکی خێرای بەخۆوە بینی. سعوودیە، لە ساڵی ٢٠٢١دا تەنها بە بەهای ٢٦٥ ملیۆن دۆلار کاڵای لە تورکیا کڕی. لە چوار مانگی سەرەتای ٢٠٢٢دا قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتە یه‌ك ملیار و ٦٢٤ ملیۆن دۆلار. دابەزینی قەبارەی بازرگانی هاوتەریب بوو له‌گه‌ڵ دابەزینی ژمارەی گەشتیاراندا. لە ٢٠١٨دا ٧٤٧ هەزار و ٢٣٣ هاووڵاتی سعوودی سەردانی تورکیایان کردووە، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بۆ ٦٧ هەزار و ٤٩٠ گەشتیار کەمبووەتەوە و لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتووەتە ١٠ هەزار و ٨٣ گەشتیار.

- له‌ قۆناغی نوێدا رێگه‌ی تێده‌چێت زۆر له‌ جاران باشتر بن

توركیا و سعوودیه‌ كه‌ له‌ڕووی بازرگانی جیهانیی و تێپه‌ڕینی وزه‌وه‌ دوو وڵاتی گرنگی ناوچه‌كه‌ن، خاوه‌نی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شن له‌ بواره‌كانی ئابووریی، ستراتیجی و سیاسیی. له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ره‌ژه‌وه‌ندییانه‌دا، له‌ كاتێكدا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ دوولایه‌نه‌كان قووڵتربوونه‌ته‌وه‌، سه‌رله‌نوێ زیادكردنی كاریگه‌رییه‌ سیاسییه‌كانیان و په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانیان، بووه‌ته‌ پێویستی. گۆڕانه‌ هه‌نووكه‌ییه‌ جیۆستراتیجییه‌كان بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هاریكاریی له‌پێناو گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌كه‌ و جیهان ببێته‌ كارێكی پێویست. له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كه‌شی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا هێشتا زه‌مینه‌ گونجاوه‌ بۆ هاریكاریی نزیكی نێوان توركیا و سعوودیه‌ به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بۆ نزمترین ئاست.

كاتێك له‌ روانگه‌یه‌كی فراوانتره‌وه‌ له‌ رووه‌كانی سیاسیی، ئابووریی، دیپلۆماتی و جیۆستراتیجی له‌ رووداوه‌كان ده‌ڕوانرێت، پێویسته‌ هه‌نگاوی ئه‌وتۆ له‌میانی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و سعوودیه‌دا بهاوێژرێن كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان بگه‌یه‌ننه‌ خاڵێكی نموونه‌یی له‌سه‌ر ئاستی جیهان.

كه‌شی ئه‌مڕۆی سازان له‌ ناوچه‌كه‌ش، ده‌رفه‌تی راگوزه‌ر له‌ هێزی ره‌قه‌وه‌ بۆ هێزی نه‌رم و توانای لێكنزیكبوونه‌وه‌ ده‌داته‌ وڵاتان. ئه‌و دوو وڵاته‌ كه‌ ده‌رفه‌ته‌ پێشكه‌شكراوه‌ مێژووییه‌كان نادیده‌ ناگرن و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بواره‌كانی توانی هاریكاریی جۆراوجۆر، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان رێكده‌خه‌نه‌وه‌، له‌ ساڵی ٢٠٢٢دا هه‌نگاویان به‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رله‌نوێ په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابووریی و سیاسییه‌كان هاویشت. سه‌ردانی شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه‌، محه‌مه‌د بن سه‌لمان بۆ توركیا له‌و رووه‌وه‌ پێشهاتێكی گرنگ بوو.

ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە کە لە ئاستی خوار تواناکانەوەیە، بەتایبەتی لە رووی توانای ئابوورییەوە. لەم خاڵەدا تورکیا و سعوودیە کە سەرنجی ئابووریی وڵاتانی تازە پێگەیشتووی جیهان رادەکێشن بەلای خۆیاندا، بابەتە پێشینەییەکان کە تیشکی دەخەنە سەر بریتی دەبن لە بازرگابی دوو قۆڵی، پێشهاتە هەرێمییەکان، پرۆژەکانی وەبەرهێنان و وزە.

دەکرێت هەردوو وڵات هەنگاوی جددی بگرنەبەر بۆ هەڵسەنگاندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی بەرگریی، تەندروستیی، وزەی نوێبووەوە، کانزاگەری، پێترۆکیمیا، بیناسازیی، دارایی و بانکی. لەو خاڵەشدا پیشەسازیی بەرگریی بۆ هەردوو وڵات گرنگییەکی زۆری هەیە. دەکرێت سعوودیە لە پێناو دەستەبەری دڵنیایی ژێرخانی وزە و بەهێزکردنی کەرتی بەرگریی لەگەڵ تورکیادا رێککەوتنی بازرگانیی لە کەرتی پیشەسازییدا بکات. لەو بارەیەشەوە دەتوانرێت رێککەوتنی پیشەسازی بەرگریی لەگەڵ سعوودیەدا واژوو بکرێت کە رێگە لەبەردەم هاریکاری هاوبەش لە بواری بەرهەمی چەک و پێداویستی سەربازییدا دەکاتەوە. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت هەنگاوگەلێک بگیرێنەبەر کە دەستەبەری ئەوە دەکەن قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بگاتە سەرو پێنج ملیار دۆلار کە بەهۆی جیاکاریە سیاسییەکانەوە دابەزیبوو، ئامانجی ساڵی داهاتووش دیاری بکرێت کە قەبارەی بازرگانی بگەیەنێتە ١٠ ملیار دۆلار و سەرلەنوێ هێڵی ئاسمانی سعوودیە دەست بە گەشتەکانی بکاتەوە بۆ تورکیا، کە ئەوەش هاوکار دەبێت لە پێشخستنی چالاکییەکانی گەشتوگوزار.

هەماهەنگى نزیکى نێوان ئەنقەرە و ریاز نەک تەنها ئەو دوو وڵاتە بەڵکو کاریگەرى لەسەر تەواوى ناوچەکە دەبێت. بە هەمان شێوە پێشهاتە پێشبینیکراوەکان لە پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە ئەگەرى هەیە هاوکار بێت لە بەدەستهێنانى سەقامگیریى زیاتر لە خۆرهه‌ڵاتی ناوەڕاست و زەمینە بۆ رێککەوتن/دانوستانی ستراتیجی بە تایبەتى لە ناوچەى جوگرافیى جێناکۆکی وەک لیبیا لە نێوان تورکیا، قەتەر، سعوودیە، ئیمارات و میسر خۆشبکات. جگە لەوەش لە رێگەى پێشکەش کردنى دەرفەت بۆ وڵاتانى دیکەى کەنداو وەکو کوێت، بەحرێن، عوممان بۆ ئەوەى پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بدەن دەتوانرێت دەرگا لەبەردەم زیادکردنى قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى هاوبەش لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بکاتەوە.

لە ئەنجامدا، لەوە تێگەیشتن کە ئەو رکابەرییە سیاسییەى کە لە ئەنجامى ناکۆکییەکانى نێوان هەردوو وڵات درووست بووە تێچووى ئابووریى بۆ هەردوو وڵات زیاد کردووە. بۆ ئەوەى بە تەواوەتى لەو تێچووە رزگاریان بێت، تورکیا و سعوودیە لە برى رکابەریى ستراتیجی پێویستیان بە هەماهەنگییەکى ستراتیجی بەهێزە. لە راستیشدا ئەوە دەبینین کە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان به‌م ئاڕاستەیە گەشە دەکات.

***

(شەریفە ئاکنجی، زانکۆی ئوڵوداغ)

*بۆچوونەکانی نێو وتارەکان تایبەتە بە نووسەرەکە و پێده‌چێت رەنگدانەوەی سیاسەتی ئاژانسی ئانادۆڵو نه‌بێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن