جيهان

شاندی حکوومەتی ھەرێم لە دوایین گەڕی گفتوگۆی ستراتیجی ئەمریکا و عێراق ئامادەبوو

- بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە شاندی عێراقی بەشدارییان لە چوارەمین گەڕی دایەلۆگی ستراتیجیی ئەمریکا و عێراق کرد کە لە واشنتۆن پایتەختی ئەمریکا بەڕێوەچوو.

Sarmand Hameed  | 25.07.2021 - نوێکردنەوە : 27.07.2021
شاندی حکوومەتی ھەرێم لە دوایین گەڕی گفتوگۆی ستراتیجی ئەمریکا و عێراق ئامادەبوو

Arbil

هەولێر - AA

رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی، بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە شاندی عێراقی بەشدارییان لە چوارەمین گەڕی دایەلۆگی ستراتیجیی ئەمریکا و عێراق کرد کە لە واشنتۆن پایتەختی ئەمریکا بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری، بەشداربووە لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن.

فەوزی حریری، کە سەرۆکایەتی شاندی ھەرێمی کوردستان دەکات، رایگەیاندووە "دوایین گەڕی دایەلۆگی ستراتیژی، چارەنووسسازە بۆ ئایندەی عێراق. لە رێی پێکەوە کارکردن، دەتوانین رێگە بگرین لە سەرھەڵدانەوەی تیرۆریزم".

دایەلۆگی ستراتیژی ئەمریکی عێراقی، ساڵی رابردوو دەستی پێکرد لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، و لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، جۆ بایدینیش بەردەوام بووە.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو گەڕەکاندا ئامادە و بەشدار بووە لە تاوتوێیەکانی قووڵکردنەوە و بەرفراوانکردنی پەیوەندییەکان.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، راوێژکار لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، عەمید روکن ھەژار ئیسماعیل بەشداربوو لە ئاخاوتنەکانی بواری ئاسایش لە پێنتاگۆن، کە یاریدەدەری وەزیری بەرگریی، مارا کارلن سەرۆکایەتی دەکرد، و بۆ ماوەیەکی کەمیش وەزیری بەرگریی، ڵۆید ئوستن بەشدار بوو. ھەردوو لایەن جەختیان کردەوە لە بایەخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بواری ئاسایش، و پابەندێتیی ھاوبەشی ھەردوولا لە شەڕی دژی داعش، و پێداویستبوونی پشتگیریی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە ھێزەکانی ئاسایشی عێراق، لەناویشیدا ھێزی پێشمەرگە. ھەروەھا باسی شەراکەت و ھاوکاریی ئاسایشی نێوان ئەمریکا و عێراق و بوارەکانی ھاوکاریی، تاوتوێ کران.

گرووپەکانی دیکەی کار لە دایەلۆگە ستراتیژییەکە، رۆژی ھەینی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەوە. هەریەک لە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم و بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لاوک ئەحمەد و نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، بەشدارییان لە تاوتوێیەکان کرد و باسی چەند بابەتێکیان کرد وەک کاروباری سیاسی و مافەکانی مرۆڤ و بابەتەکانی سیاسی و مافەکانی، ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، تەندروستی، وزە، کەش، و خوێندنی باڵا.

ھەروەھا باسی ھاوکاریی ئەمریکایان کرد بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، بۆ نموونە، ئەمریکا بری ١٥٥ ملیۆن دۆلار وەک ھاوکاریی دیکەی مرۆیی پێشکەش دەکات.

ئەگەرچی ئەمە دوایین گەڕی دایەلۆگی ستراتیژی بوو، بەڵام گرووپەکانی کار بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوە و جێبەجێکردنی ھەنگاوی جۆراوجۆری ئەو بابەتانەی تاوتوێ کران.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın