Fahrettin İbrahim
12 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2019
ھەولیر – AA
سەرۆکی ھەریمی کوردستان و سەرۆکی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی، بەشداری لە خولێکی دیکەی دەرچووانی ئەفسەرانی پێشمەرگە کرد.
٢٦ـەمین خولی دەرچووانی ئەفسەرانی پێشمەرگە لە ئاکادیمیای سەربازیی زاخۆ بەڕێوە چوو و دەرچوانی خولەکە دوای سڵاوی سەربازیی لەبەردەم سەرۆکی ھەرێم، سوێندی وەفادارییان بۆ نیشتمان دووپات کردەوە.
لە خولەکەدا ٩ مانگ راھێنان بە ئەفسەران کراوە و ١٣٣ قوتابی بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن، پلەکانیشیان لە مولازم تاوەکو عەقیدە.
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و ویرای سوپاسکردنی ئەفسەران و مامۆستایانی ئاکادیمیای سەربازیی زاخۆ، گوتی: " ئاکادیمیای سەربازیی زاخۆ جێی شانازییە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق".
بارزانی گوتی: "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ھێزێکی چەکداری نیشتمانی خاوەن دیسپیپلین و پرەنسیپی پێشکەوتووە. پابەندی و وابەستەیی و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان دەبێت بنەمای پەروەردەیی و خەبات و کاری ئێوە بێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان و خۆبەخشان لە شەڕی دژ بەداعش بەشدارییان کرد و فیداکارییان کرد. ئەوە دەرفەت بوو کە لێی فێر ببین بۆ ئەوەی بزانین چ ھێزێکی تۆکمە لەسەر بنەما سەربازییەکان بونیاد بنێین".
گوتیشی: "دەبێت پەند و وانە لە ئەزموونەکانی رابردوو وەربگرین و دەبی ھێزێکی سەربازیی سەردەمیانە بونیاد بنێن و لە یەک ناوەندی بڕیار کۆنتڕۆڵ و سەرکردایەتی بکرێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا بۆ ئامادەبووانی راگەیاند، "سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بابەتی رێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگەی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ھەند وەرگرتووە و کاری بۆ دەکات و ھەموو ھەوڵێک دەخەینە گەر بۆ ئەنجام گەیاندنی".
لە کۆتایی وتارەکەیدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ھەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و ھۆڵەندای کرد بە ھۆی ئەو مەشق و یارمەتییانەی کە پێشکەش بە ھێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە .