Talha Yavuz
14 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن-ی بانگهێشتی کیێڤ کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئۆکراینا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ئەنجامیانداوە، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی و جۆ بایدن رەوشی ئەمنیی ئۆکراینایان تاوتوێ کردووە.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی هەموو مەترسییەکی لەبەرچاو گرتووە و ئامادەی هەموو پێشهاتێکە و رایگەیاند ''هەموو گرژییەکی دژبە ئۆکراینا رادەگرین، کیێڤ-ی پایتەخت و شارەکانی هارکیڤ، لڤیڤ، دنیپرۆڤ و ئۆدیسا پارێزراون''.
هاوکات ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی سوپاسی جۆ بایدن-ی کرد بۆ پشتیوانی ئەمریکا لە سەروەری ئۆکراینا و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی ئارام نەبێت ئەورووپاش ئارام نابێت.
هەردوو سەرکردە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئاشتی و ئەگەری سزاکانی سەر رووسیایان تاوتوێ کرد.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی هەروەها دەستخۆشی لە ئەمریکا کرد بۆ هاریکاری چالاک لە بواری بەرگرییدا و رایگەیاند ''هێشتا ئەندامی ناتۆ نین، بەڵام سوپایەکی بەهێزی ئۆکراینا زامنی ئاسایشی وڵاتەکەمانە''.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بانگهێشتی جۆ بایدن-ی کرد بۆ ئۆکراینا و ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانێکی بایدن بۆ کیێڤ دەبێتە نیشانەیەکی بەهێز و هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا.