Zana Natık Kerem
16 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە ھەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانیان لە ھاوکاریکردن و یارمەتیدانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، بەرز دەنرخێنن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن لە بارەگای "پێنتاگۆن" لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن کۆبووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردووەتەوە کە سوورن لەسەر ئەوەی درێژە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بدەن و ئاماژەی بەوەداوە کە ١٠ ساڵ بەسەر پێکھێنانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش تێپەڕیووە و باسی لەوە کردووە کە گەلی عێراق لە شەڕی دژبە داعش، قوربانی بەنرخی داوە، ھەروەھا ھەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانیان لە ھاوکاریکردن و یارمەتیدانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، بەرز دەنرخێنن.
باسی لەوەش کردووە کە محمەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھێزە ئەمنییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا لە ئاستێکی بەرزی ئامادەباشیدان ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی لیژنەی باڵای ھەماھەنگییەوە، دەستکراوە بەکارکردن بەرەو پەیوەندییەکی ھاوبەش بۆ ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی سەربازی و مەترسییەکانی داعش و تواناکانی دەزگا ئەمنییەکان، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتن بە پێشنیازەکانی پەیوەندیدار بە خشتەی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان و ئاماژەی بەوەشداوە کە لیژنەکە لە مانگی تەممووزی داھاتوودا دووەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات، بە مەبەستی ھەماھەنگی دووقۆڵی بە پێی دەستووری عێراق و ڕێککەوتننامەی ستراتیژی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە محەمەد شیاع سوودانی باسی لەوەش کردووە کە عێراق گرنگی بە بەدەستھێنانی شارەزایی، چەک و ئەزموون و پاراستنی ھاوبەشی ئەمنی دەدات، بەتایبەتی لەچوارچێوەی ئەو دۆخەی کە ئێستا ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت و ڕایگەیاندووە کە ھەمووان ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە گرنگی بە سەقامگیری بدرێت و ڕێگری بکرێت لە پەرەسەندنی گرژییەکان، ھەروەھا متمانەی خۆی بە بەردەوامی ھاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا نیشانداوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن لە کۆبوونەوەکەدا، پێزانینی خۆی بۆ ھاوبەشی بەردەوام لەگەڵ عێراق دەربڕیووە کە لە سەردەمی حکووتەکەی محەمەد شیاع سودانی بەھێزتر بووە و ھەروەھا خواستی ئەمریکای بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی ئەمنی بەردەوام لەگەڵ عێراق نیشانداوە و وەک ئەوە ڕێککەوتنەی کە لەسەر ھەماھەنگی ئاسایشی ھاوبەش لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو بەدیھاتووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لۆید ئۆستن جەختیشی کردووەتەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییە ھاوبەشەکان ، لەوانە ھەماھەنگی ئەمنی و پەیوەندی ستراتیژی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی نێوان ھەردوو وڵاتدا.