Murat Temizer
20 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2022
وارشۆ - AA
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ماتیوس مۆراویکی باسی لەوە کرد کە رێککەوتنەکەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بۆ دیاریکردنی بەرزترین نرخ بۆ غازی سروشتی، کارێکی دڵخۆشکەرە و گوتیشی: "ئەمە بە مانای کۆتایی هاتنی گێرەشێوێنییەکانی رووسیا لە بازاڕی وزەدا دێت".
ماتیوس مۆراویکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بابەتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی خستەڕوو کە لە کۆتا کۆبوونەوەی بڕۆکسلدا گەیشتوونەتە رێککەوتن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە رێککەوتنی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر دیاریکردنی ١٨٠ یورۆ بۆ هەر مێگاوات/کاتژمێر غازی سروشتی، شتێکی دڵخۆشکەرە و رایگەیاند: "ئەمە بە مانای کۆتایی هاتنی گێرەشێوێنییەکانی رووسیا لە بازاڕی وزەدا دێت".
وەزیرانی وزەی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر رێوشوێنەکانی ئەورووپا دژبە قەیرانی وزە و دیاریکردنی بەرزترین نرخ بۆ غازی سروشتی هاوردەکراو، دوێنێ لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەندراوێکدا ئەوە خرایەڕوو کە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە بۆ سنووردارکردنی نرخی غازی سروشتی کە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لەسەر میکانیزمێکی کاتی رێککەوتون.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراووە کە بەرزترین نرخ، بەگوێرەی ئەوە دیاری کراوە کە نرخی پسووڵەی غاز لە خاڵی بازرگانی گازی سروشتی (TTF) کە مەڵبەندی سەرەکیی لە هۆڵەندایە لە ماوەی سێ رۆژدا، گەیشتووەتە سەروو ١٨٠ یورۆ و هەر لەو ماوەیەشدا نرخی غازی سروشتی شلکراوە لە ئەورووپا، زیاتر لە ٣٥ یورۆی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر بووە.