Ümit Türk
10 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2025
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "وەک دەزانن لە سووریادا شوێن بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نییە. ئەو خەباتەی لە ئێستادا بە ڕێز (سەرکۆماری سووریا ئەحمەد) شەرع دەیکات خەباتێکە دژ بە ڕێکخراوەی تیرۆریستییەکان. پێویستە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە خاکی سووریادا یان چەکەکانیان دادەنێن یاخود چەکەکانیان پێدادەنرێت و کۆتایی بە چالاکییەکانیان دەهێنن".
پێش بەڕێککەوتنی بۆ مالیزیا، سەرکۆمار ئەردۆغان لە میوانخانەی دەوڵەت لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی سازکرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد گەلی غەززە سەرەڕای ئەوەی بە درێژایی ٤٧١ ڕۆژ ڕووبەڕووی هەموو جۆرە دڕندەیی و هێرشێکی توندی ئیسرائیل بوونەوە، بەڵام خاکەکەیان جێنەهێشت، بەردەوام بوون لە مانەوە و پاراستنی غەززە و ژیان کردن تیایدا.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد هەر پیلانێک بۆ دەرکردنی خەڵکی غەززە لە غەززە شکستدەهێنێت و، ڕایگەیاند: "ئەگەر ئاشتیی و ئارامیی و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا دەخوازرێت، ئەوا ئەمە بە خۆشکردنی ئاگرەکە نابێت، بەڵکو بە پێدانی مافی فەڵەستینییەکان دەبێت".
سەرکۆمار ئەوەیشی خستەڕوو کە لەو گوتارەی لە مالیزیا پێشکەشی دەکات باس لەو هەنگاوە سەرەکییانە دەکات کە پێویستە بنرێن لە بارەی بنیاتنانەوەی خێرای غەززەدا.
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دوو قسەی بۆ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی هەیە و، ڕایگەیاند: "دەبینین کەسانێک (لە ئۆپۆزسیۆن) بە سەرۆکی گشتیی و سەرۆک شارەوانییەوە خەریکن هەستیاریی ئێمە سەبارەت بە فەڵەستین دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بۆتان نییە هەڵوێستی من و حکوومەتەکەمان لەسەر دۆزی فەڵەستین بخەنە ژێر پرسیارەوە''.
دوای لێدوانەکانی، سەرکۆمار ئەردۆغان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریادا هەنگاوی هاوبەش بەرامبەر ڕێکخراوەی تیرۆریستییەکانی داعش و پەکەکە دەگرنەبەر یان نا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "وەک دەزانن لە سووریادا شوێن بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نییە. ئەو خەباتەی لە ئێستادا بە ڕێز (سەرکۆماری سووریا ئەحمەد) شەرع دەیکات خەباتێکە دژ بە ڕێکخراوەی تیرۆریستییەکان. پێویستە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە خاکی سووریادا یان چەکەکانیان دابنێن، یان چەکەکانیان پێدادەنرێت و کۆتایی بە چالاکییەکانیان دەهێنن. بە ڕوونی لەگەڵ بەڕێز شەرع باسمان لەمانە کرد. نابێت جگە لە سوپای سووریا کە بەتایبەتی پێکهێندراوە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری درێژخایەن لە سووریا گرووپە چەکدارەکان هەبن. لەم ڕووەوە پێشهاتگەلێکی ئەرێنیی دەبینین. دەرفەتی ئەوەیشم هەبوو گوێبیستی هەستیارییەکانی بەڕێز شەرع لە خۆیەوە ببم. زۆرێک لە گرووپەکان خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و دەچنە سوپای سووریاوە و ڕایدەگەیەنن کە لە پێناو یەکێتیی و یەکڕیزیی سووریادا کار دەکەن''.
ڕاشیگەیاند: "پێموایە گرنگترینیان ئەوەیە کە لە نێو ئەمانەشدا ڕێکخراوەی تیرۆریستییەکانی وەک داعش، پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە پێویستە لەوە تێبگەن لە سووریادا شوێنیان نییە. ئەمە پرسێکە لەگەڵ بەڕێز شەرع لەسەری کۆکین. ئێمە وەک تورکیا درێغی ناکەین لە پێشکەش کردنی پشتیوانی پێویست بۆ سووریا، چونکە بوونی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییانە لە خاکی دراوسێکەماندا بۆ ئێمەش هەڕەشەن. لە ناوبردنیان کارێکی پێویستە. ئێمە بچووکترین چاوپۆشیمان بەرامبەر ئەم ڕێکخراوانە نییە. لە خاکی وڵاتەکەماندا لەمەدا سەرکەوتووبووین و ئامادەشین بۆ سەرکەوتن لەو بارەیەوە بەتایبەتی لە باکووری سووریا".