Ruslan Rehimov
16 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2021
باکو - AA
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ئەوەی راگەیاند کە سەربازانی ئەرمینیا لە ناوچەکانی کەلبەجەر، گەدەبەی، تۆڤوز ئاغستاڤای سەرسنووری ھەردوو وڵات تەقەیان لە پێگەکانی ئازەربایجان کردووە.
لەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان-ەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە کە یەکەکانی ئەرمینیا لە کاتژمێر ١٦:١٥ی رۆژی ١٥ی تشرینی دووەمەوە بۆ کاتژمێر ٠٤:٣٠ی رۆژی ١٦ی تشرینی دووەم لە گوندەکانی یەلیجە و بارماگبینەی پارێزگای کەلەبجەر، گوندەکانی گالاکەنت، داریورد، نۆڤۆیڤانۆڤکا و گاراڤیللەری سەربە پارێزگای گەدەبەی، گوندەکانی ئاغبوڵاغ، ئاغدام، گارالار، گۆشا، کۆھانەبی، ھاجاڵڵی عەلی بەیلی و ئەسریک جیرداھانی سەربە پارێزگای تۆڤوز و گوندی کۆھنەکشکی سەربە پارێزگای ئاغستافا تەقەیان لە پێگەکانی سوپای ئازەربایجان کردووە.
راگەیەندراوەکە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە بە مەبەستی بەرگرتن لە ھاندان و گێچەڵەکانی ئەرمینیا، یەکە سەربازییەکانی ئازەربایجان بە ھەمان شێوە وەڵامیان داونەتەوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئازەربایجاندایە.