Sinan Doğan
17 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2022
بۆگۆتا - AA
وەزیری کاروباری دەریاوانی پەنەما، نۆریێل ئاراوز ئاشکرای کرد لە دەستپێکی شەڕی رووسیا-ئۆکراینا تا ئێستا سێ کەشتی وڵاتەکەی کراوەتە ئامانجی مووشەکیی رووسیا.
نۆریێل ئاراوز لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان ئاشکرای کرد دوای دەستپێکردنی شەڕ، ١٠ کەشتی پەنەما لە دەریای رەش گیریان خوارد و بەهۆی هەڕەشەی شەڕەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بەندری وڵاتەکەیان و گوتی: "هەواڵی کرانە ئامانجی سێ کەشتی وڵاتەکەمان بە مووشەکی رووسیا پێگەیشت، خۆشبەختانە دەریاوانەکانمان و کارمەندانی سەرنشینی کەشتییەکان سەلامەتن، بەڵام زیانی ماددی بەر کەشتییەکانمان کەوتووە، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە بەردەوام لە پەیوەندی داین".
وەزیری کاروباری دەریاوانی پەنەما ئاماژەی بەوەیش کرد، شەش لە کارمەندانی سەرنشینی کەشتییەکان ئۆکرایناین و گوتی: "لە دەریای رەش زیاتر لە ١٠ کەشتی وڵاتەکەمان هەن. هەوڵ دەدەین بە هەموو توانامان بەرگری و پشتیوانی لەو کەشتییانە بکەین، جگە لەو کەشتییانەی ئێمە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ کەشتی دیکە هەن کە بەهۆی هەڕەشەی شەڕەوە گیریان خواردووە و رێگە نادرێت دەریاکە بەجێ بهێڵن".
نۆریێل ئاراوز سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە بەشێک لە کەشتییەکان لە دەریاکەدا، دەکرێنە ئامانجی مووشەکەکانی رووسیا و گوتی: "بەشێکی زۆر لەو کەشتییانە کەشتی بارهەڵگرن، ٢٦ی شوبات یەکێک لە کەشتییەکانمان لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیان کراوەتە ئامانج".
بەگوێرەی میدیای پەنەما، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیاوە یەکێک لە کەشتییەکان مەترسی نقومبوونی لەسەر دروست بووە و دووی دیکەش زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.