Mücahit Aydemir
03 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2023
نابلوس – AA
لە ئاکامی هەڵکوتانە سەر شاری نابلوس باکووری کەناری خۆرئاوای داگیرکراو لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە، دوو فەڵەستینی کوژران.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، سەربازانی ئیسرائیل دوو فەڵەستینییان لە شاری نابلوس کوشتووە.
شایەتحاڵان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند کە لە میانی هەڵکوتانە سەر گەڕەکی "ئەلمەخفییە" و ناوچەی "کۆنەشار" لە نابلوس بەریەککەوتن لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و خۆڕاگرانی فەڵەستینی روویداوە. دوای پێکدادانەکەیش هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە کشاونەتەوە.
لای خۆیەوە گرووپێکی خۆڕاگری فەڵەستینی لە نابلوس بە ناوی "لانەی شێران" لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە خۆڕاگرە چەکدارەکان لە میانی هەڵکوتانەسەرەکەدا، تەقەیان لە هێزەکانی ئیسرائیل کردووە و بۆمبی دەستییان بەکار هێناوە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی روودانی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و چەکدارانی فەڵەستینی، گولـلە بەر ژمارەیەک فەڵەستینی کەوتووە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ژمارەی ئەوانە نەدراوە کە کوژراون.