Hussein Mahmoud Ragab Elkabany,Safiye Karabacak,Hamdi Yıldız
25 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2019
نیویۆرك ــ AA
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر رایگەیاند، سعوودیە بەهیچ شێوەیەك پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی بەدوور نازانێت لە هەمبەر وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی كە لە ماوەكانی رابردوودا كرانە سەر دوو دامەزراوەی نەوت سەربە كۆمپانیای ئارامكۆ.
عادل جوبەیر لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی خولی ٧٤ەمینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك دیدارێكی لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەوانان ساز كرد.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر سەبارەت بە هێرشەكانی ئەم دواییانەی سەر كۆمپانیای ئارامكۆ دوا و رایگەیاند كە لەئێستادا وڵاتەكەی لێكۆڵینەوە دەكات بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئاراستەكردنی مووشەكەكان بۆسەر دوو دامەزراوە نەوتییەكەی سەربە كۆمپانیای ئارامكۆ ئاشكرا بكات و گوتی:
"دوای راگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە، ئەوكات بژاردەكەمان دیاری دەكەین بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان چی سەربازی یان دیپلۆماتی یان ئابووری بێت".
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر وای لە قەڵەمدا كە ئێران بەرپرسە لە ئەنجامدانی هێرشەكانی سەر دوو دامەزراوە نەوتییەكەی سەربە كۆمپانیای ئارامكۆ، چونكە ئەو چەكەی لە هێرشەكاندا بەكارهێندراون لە لایەن ئێرانەوە دروستكراون.
عادل جوبەیر جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە بە هیچ شێوەیەك وڵاتەكەی جەنگی ناوێت، بەڵام لە هەمان كاتدا دەستەوەستان ناوەستێت لە بەردەم هەڕەشەكانی ئێران.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە جەختی لەوەشكردووە كە گرنگە كۆتایی بێهندرێت بە هەڵسوكەوتی ئێران كە بووەتە مایەی شڵەژانی سەقامگیری ناوچەكە و ئاشكرایكرد كە ئێران مووشەكی بالیستی داوەتە حزبوڵڵا لوبنان و حووسییەكان.
لەوبارەوە عادل جوبەیر ئاماژەی بەوە كرد كە لە نزیكەوە لەگەڵ واشنتۆندا سەبارەت بە دۆسیەی ئێران كار دەكەن و گوتی: "لەگەڵ ئەمریكادا هاوڕاین لەسەر ئەوەی نابێت ئێران چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، بەهەر نرخێك بێت".
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر باسی لەوەشكرد، ئێران هەوڵ دەدات ئەو گەمارۆیانەی كە بەسەردا سەپێندراون هەڵبگرێت و دواتر بەدەوری رێككەوتنی ئەتۆمییدا بسوڕێتەوە كە رێككەوتنێكی لاوازە و دەبێت هەموار بكرێتەوە.
سەبارەت بە رەوشی یەمەن، عادل جوبەیر رایگەیاند، وڵاتەكەی لە یەمەن دەجنگێت لە پێناو سەقامگیری ناوچەکە و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی میلیشیاكانی حووسی و گرووپەكانی دیكەی سەربە ئێران.
عادل جوبەیر گوتیشی: "حووسییەكان سەرجەم رێككەوتنەكانیان پێشێلكردووە و سەدان مووشەكیان ئاراستەی وڵاتەكەمان كردوو، بەدەرلەوەش ئاستەنگ دروست دەكەن لە بەردەم گەیاندنی هاوكاری و یارمەتی مرۆیی بۆ یەمەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئومێد دەكەین قەیرانی یەمەن بە گفتوگۆ و رێگەی سیاسی چارەسەر بكرێت".