Davit Kachkachishvili
24 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2023
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە هەموو ئەو توانایانەی هەیانە یەکدەخەن بۆ سەرکەوتن لە جەنگی دژبە رووسیادا.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە شەوی رابردوو لە چەناڵی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە وەک ماوەی رابردوو چڕترین پێکدادان لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینادا لە ناوچەی دۆنباس روو دەدات.
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا و گوتی: ''لە ناوچە سەرەکییەکاندا بەتایبەتی دۆنباس، پێکدادانی چڕ درێژەی هەیە. جەنگ لە دۆنباس بەردەوامە. جەنگ بۆ باشوور درێژەی هەیە''.
زێلێنسكی باسی لەوە کرد کە زانیاری پێویستییان هەیە لەبارەی جووڵەکانی سوپای رووسیا و گوتی: ''دەبینین کە رووسیا چ هێزێکی کۆکردووەتەوە و دەزانین چۆن بەرپەرچی بدەینەوە''.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە ٢٤ی کانوونی دووەمدا، ئەو جەنگەی رووسیا لە وڵاتەکەیاندا دەستی پێ کردووە پێ دەنێتە ٣٣٥مین رۆژییەوە، واتە: ١١ مانگی تەواو کردووە و گوتی: ''هەموو هێزمان تەنیا لەبەر یەک شت یەکدەخەین لە پێناو سەرکەوتندا لە پێناو سەرکەوتنی ئۆکراینادا یەکیدەخەین''.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی هەروەها باسی لەوە کرد کە بڕیارێکی دیکەی واژووکردووە سەبارەت بە گەشتی کارمەندانی دەوڵەت لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ دەرەوەی وڵات.
گوتیشی: ''بەپێی بڕیارەکە ئیدی کارمەندێکی دەوڵەت تا بۆ ئەرکێکی فەرمی رانەسپێردرێت، ناتوانێت سەردانی دەرەوەی وڵات ئەنجام بدات''.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئەوەیشی خستەڕوو کە لە دامەزراوەکانی سەربە حکوومەت و بانکەکاندا گۆڕانکاری لە کارمەنداندا دەکەن، هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ سزا بەسەر ٢٢ هاووڵاتی رووسیاییدا دەسەپێنن.