Cüneyt Karadağ
26 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2022
بەرلین – AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ بەرگرییکردن لە ئاسایشی ئەورووپا لە دژی رووسیا شەڕ دەکات.
زێلێنسکی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداریی لە کۆنفرانسی تایبەت بە دووبارە بنیاتنانەوەی ئۆکراینا کرد کە لە بەرلین بەڕێوەدەچێت و گوتی: "هەزاران خانوو، قوتابخانە، شەقام، وێستگەی شەمەندەفەر و ویستگەی ئەتۆمی روخێندران و خاپوور بوون. هەربۆیە وەبەرهێنان لە ئۆکراینا وەبەرهێنانە لە وڵاتی داهاتووی یەکێتی ئەورووپا. ئەورووپا تەنها دەتوانێت لەگەڵ ئۆکراینا بیر بکاتەوە. ئۆکراینا بۆ بەرگرییکردن لە ئاسایشی ئەورووپا لە دژی رووسیا شەڕ دەکات".
سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەی خستەڕوو کە مووشەکەکانی رووسیا و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران "زیاتر لە یەک لەسەر سێی" کەرتی وزەیان لە وڵاتەکەدا خاپوور کردووە.
ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی باسی لەوەش کرد کە دەبێت نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، رێگاکانی گواستنەوە و ژێرخانە گرنگەکانی دیکە وەبەرهێنانی خێرای تێدا بکرێت و گوتی: "زیاتر لە یەک لەسەر سێی ژێرخانی وزەی ئۆکراینا لە رێگەی هێرشی مووشەکییەوە وێران بووە. سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئەم بەشەی ناکرێت تاکو کۆتایی جەنگەکە دوابخرێت. ئۆکراینا ئێستا پێویستی بە پارەیە بۆ ئەمە. دەبێت لە مانگی داهاتووەوە سندووقی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە کە لەلایەن گرووپی وڵاتانی G7وە دانراوە دەست بەکارەکانیان بکەن".
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ هاوسەنگکردنی کورتهێنانی بوودجەی ساڵی داهاتوو پێویستیان بە ٣٨ ملیار دۆلار هەیە بەو پارەیە بە تایبەتی بە مووچەی مامۆستا، پزیشک و خانەنیشان دەدرێت.
سەرۆکی ئۆکراینا سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە لە ئۆکراینا پێویستییەکی گەوەرە بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی خانووەکان هەیە و گوتی: "تاکو ئێستا یەک سەنتمان وەرنەگرتووە. لە بەر ئەم هۆکارە تکاتان لێدەکەم کە ئەمڕۆ بریاری پێویست بدەن".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی ئەورووپا بە هاوکاریکردنی ئۆکراینا داهاتووی خۆی دەپارێزیت و گوتی: "کەی تەواوی خاکەکانمان لە داگیرکاریی رووسیا رزگار کرد، یەکێتی ئەورووپا بە هاوکاری ئێمە دەتوانێت سەرچاوەی وزە لە رووسیاوە بگۆڕێت و هەناردەکردنی دەیان گێگاوات کارەبامان دەبێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سیاسەتی ئاو و هەوای ئەورووپا".