Dmitri Chirciu
01 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2022
کیێڤ- AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسكی سوپاسی تورکیای کرد کە ئامادەیە لە پێناو ئاسایشی وڵاتەکەی ببێتە دڵنیاکەر.
زێلێنسکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لە دوايین بەرەوپێشچوونەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، کرد.
ناوبراو ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ماوەی ٣٦ رۆژە جەنگ بەردەوامە و رایگەیاند "زۆر زۆر زیاتر لەوە خۆڕاگریمان کرد کە دوژمن بیری لێدەکردەوە. ئەوان وایان دەزانی جەنگ تەنها سێ بۆ پێنج رۆژ دەخایەنێت و ئەو ماوەیە بەسە بۆ داگیر کردنی وڵاتەکەمان. بەڵام ئێمە خۆڕاگری دەکەین و بەردەوامین لە جەنگ".
سەرۆکی ئۆکراینا، جەختی لەوەشکردەوە کە جەنگەکە خەباتە لە پێناو ئایندەی ئۆکراینا و گوتى: "داگیرکەران. لە ناوچەی سومیی باکووری کیێڤ راودەنرێن و سوپای رووسیا هەوڵدەدات سەربازەکانی لە شوێنەکانی دیکەی وڵاتەکەمان نیشتەجێ بکات کە ئەمەش لە ئایندەدا دەبێتە هۆی پێکدادان".
زێلێنسكی، ئاماژەی بەوەشدا کە رووسیا دوای داگیر کردنی ناوچەی خێرسۆن هەوڵی بەهێز کردنی هەژموونی خۆی لەو ناوچەیە دەدات و رايگەياند "بێگومان ئەمە هەوڵێکی بێسەرئەنجامە. ئەوان چەندێک لەوێ جموجۆڵیان هەبێت ئەوەندە زیانەکانی رووسیا و گەلی رووس، زیاد دەکات".
سەرۆکی ئۆکراینا، لە پەیامەکەیدا باسی لەوەشکرد کە بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، گفتوگۆیان کردوە و لە بارەی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی شاندە دانوستانکارەکانی رووسیا و ئۆکراینا لە شاری ئیستانبوڵ، دواون، گوتیشی: "سوپاسی تورکیا دەکەین کە ئامادەیە ببێتە وڵاتی دڵنیاکەر لە پێناو ئاسایشی ئۆکراینا".