جيهان

روحانی بانگەواز دەکات کە ئەمریکا و ئەورووپا بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکە

- سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی بانگەوازی بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا کرد کە بگەڕێنەوە سەر بەڵێنەکانی خۆیان و ئەوەشی بەکورترین رێگە زانی بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی هاوبەش.

Muhammet Kurşun, Rewa Mahmood Hasan  | 26.06.2019 - نوێکردنەوە : 26.06.2019
روحانی بانگەواز دەکات کە ئەمریکا و ئەورووپا بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکە

Tahran

تاران - AA

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی بانگەوازی بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا کرد کە بگەڕێنەوە سەر بەڵێنەکانی خۆیان و ئەوەشی بەکورترین رێگە زانی بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی هاوبەش.

روحانی لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و باسی لە رێککەوتنی ئەتۆمی و سزاکانی ئەمریکا کرد و گوتی:

''بانگەواز دەکەم بۆ ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا: بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکە و بەڵێنەکانتان. چونکە ئەمە بەقازانجی ئێمە، ئێوە، ناوچەکە، دەزگا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەبێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەو رێگەیەی ئەمریکا هەڵیبژاردووە هەڵەیە و راگەیاند راست نییە کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا هەنگاو نەنێن و گوتی: ''لەگەڵ زۆر سەرۆکی وڵاتان قسەم کردووە لەو بڕوایەدان کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سیاسەتێکی ناوخۆیی پەیڕەو دەکات بۆ شەقامی ناوخۆی وڵاتەکەی و نابێت گوێی بدرێتێ".

روحانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا لە رێی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ-وە پەیامی رەوانەی ئێران کردبوو، هەمان رۆژ سزای پەترۆکیمیایی خستە سەر ئێران کە ئەمەش لەگەڵ عورفی سیاسیدا ناگونجێت و گوتی: ''هەندێک لایەن دەڵێن ئەمریکییەکان دەخوازن دانوستان بکەن، بەڵام هەر خۆیان سەلماندیان کە ئەم قسانە بێ بنەمان.''

روحانی باسی لە نیگەرانییەکان لەهەمبەر چەکی ئەتۆمی کرد و گوتی: ''هەر بەڕاستی نیگەرانی لە چەکی ئەتۆمی؟ باشە ئەی بۆچی هیچ ناڵێیت دەربارەی ئیسرائیل کە چەکی ئەتۆمی خەزن دەکات. بێدەنگ دەبیت و دۆستایەتی لەگەڵ دەبەستیت؟ ئەگەر هەر بەڕاست نیگەرانیت لە بارەی چەکی ئەتۆمییەوە ، ئاگات لێ نییە کە رابەری شۆڕشی ئێران (خامنەیی)چەکی ئەتۆمی حەرام کردووە؟.

لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە، روحانی گوتی: ''ئێمە شەڕمان ناوێت لە ناوچەکە، بەڵام رێگە نادەین وڵاتەکەمان هێرشی بکرێتە سەر. ئەگەر سنوورەکانمان ببەزێنرێت ئەوا واتای وایە کە هێڵی سوور بەزێنراوە و ئێمەش دژی ئەمە دەوەستینەوە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın