Mücahit Oktay
19 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2021
نیویۆرک ــ AA
سەدان کەس لە بەردەم کۆنسولخانەی ئیسرائیل لە گەڕەکی مانھاتن لە شاری نیویۆرک، خۆپیشاندانیان بۆ پاڵپشتیکردن لە گەلی فەڵەستین و ئیدانەکردنی ئیسرائیلی داگیرکەر، ئەنجامدا.
رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت بڵاویکردەوە کە لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای فەڵەستین، دورشمیان بۆ ئیدانەکردنی ئیسرائیل دەگوتەوە،ھەروەھا رێگاکانی ھاتوچۆیان لە ناوچەکە داخستووە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە خۆپیشاندان بۆ ئیدانەکردنی ئیسرائیل لە برۆکلین و واشنتۆن پایتەختی ئەمریکا ئەنجامدراون.
دوێنێ سێشەممە، بە ھەزاران کەس لە شاری دیربۆرن سەربە ویلایەتی میشیگن باکووری رۆژھەڵاتی ئەمریکا خۆپیشاندانیان دژبە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل ئەنجامدابوو.
لە ١٠ی ئەم مانگەوە سوپای ئیسرائیل ھێرش بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجام دەدات کە تا ئێستا بەردەوامە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لە ئەنجامی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کوژراون، گەیشتووەتە ٢١٢ کەس کە ٦١یان منداڵن و ٣٦ی دیکەشیان ئافرەتن و ھەزار و ٤٠٠ کەسی دیکەیش برینداربوون، ھەروەھا ٢٢ کەس لە کەناری رۆژئاوا کوژراون و سەدانی دیکەیش برینداربوون.
ھەروەھا لە حەوتی ئەم مانگەوە تا ئێستا لە میانی پێکھەڵپژانی نێوان فەڵەستینییەکان و سوپای ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا، ٢٥ فەڵەستینی کوژراون و سەدانی دیکەیش برینداربوون.