Enes Canlı
30 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ''هیچ هۆکارێک نابێتە پاساو بۆ کوشتنی مرۆڤێک و ناتوانێت رێگە بە توندوتیژی بدات. ئاشکرایە ئەو کەسانەی لە پەرستگایەکدا کە شوێنێکی پیرۆزە پەلامارێکی لەو شێوەیە ئەنجام دەدەن هیچ بەهایەکی ئایینی، مرۆیی و رەوشتیان نییە. وەک وڵاتێک کە بەشێوەی جیاواز رووبەڕووی تیرۆر بووینەتەوە و هاووڵاتیانمان بوونەتە قوربانی تیرۆر، جەخت لە پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی فەڕەنسا، بەتایبەتیش دانیشتوانی شاری نیس دەکەینەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا".
لە لایەکی دیکەوە، هەریەک لە جێگری سەرکۆماری تورکیا، فوئاد ئۆکتای و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، فەخرەددین ئاڵتوون و گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، ئیبراھیم کاڵن و سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا، عەلی ئەرباش و گوتەبێژی ئاک پارتی، عومەر چەلیک و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، نوعمان کورتوڵموش ئیدانەی هێرشەکەی فەڕەنسایان کرد.
- ئیدانەکردنی هێرشەکە لە لایەن وڵاتانی ئیسلامیەوە
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، لە راگەیەندراوێکدا کاردانەوەی نیشاندا بەرامبەر ئەو هێرشە تیرۆریستیەی لە فەڕەنسا ئەنجامدرا.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەو جۆرە کردە توندڕەویانە رەتدەکرێنەوە کە لەگەڵ هەموو ئایین و بیروباوەڕێکدا یەکناگرنەوە، هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی وەستانەوە دژ بەوانە کراوەتەوە کە نەفرین و توندوتیژی ئەنجامدەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، لە بەیاننامەیەکدا کاردانەوەی نیشاندا بەرامبەر ئەو هێرشە تیرۆریستیە و، سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی فەڕەنسا کرد بۆ ئەوانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا و، شیفای بەپەلە بۆ بریندارەکان خوازراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، جەواد زاریف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، ئیدانەی هێرشە تیرۆریستیەکەی نیس-ی کرد و، رایگەیاند: ''پێویستە لۆژیک و عەقڵی سەلیم شوێنی بازنەی مەرگ بگرێتەوە کە لێدوانی نەفرین، هاندان و توندوتیژی دروست کردووە. دەبێت تێبگەین لەوەی تودڕەوی توندڕەوی زیاتری لێدەکەوێتەوە و ئاشتیش بە هاندانی خراپ فەراهەم نابێت''.
وەزارەتی دەرەوەی عومان ئیدانەی هێرشەکەی فەڕەنسای کرد و، پشتیوانی بۆ گەلی فەڕەنسا دەربڕی.
سەعد حەریری کە لە لوبنان راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، لە تویتێکیدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی کرد و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تیرۆر ئایینی نییە و، پێویستە هەموو موسوڵمانان ئەو کردە تاوانکاریە رەتبکەنەوە کە هیچ پەیوەندی بە ئیسلام و پێغەمبەری خۆشەویست و، ئایین، رەوشت و مرۆڤایەتییەوە نییە.
- تونس دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد سەبارەت بە هێرشەکە
وەزارەتی دەرەوەی تونس، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە پشتیوانی لە حکوومەت و گەلی فەڕەنسا دەکەن.
ئاژانسی هەواڵى فەڕمی تونس TAP، بڵاویکردەوە لەسەر ئەو بانگەشەیەی دەگوترێت ئەنجامدەری هێرشەکە هاووڵاتی تونسیە کۆمسیۆنی دادگا پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە.
- کاردانەوەی رێکخراوە ئیسلامیەکانی جیهان
رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، لە راگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە بە چەقۆ کرایە سەر کڵێسای نۆتر دام لە شاری نیس لە فەڕەنسا.
یەکێتیی زانایانی ئیسلامی جیهان، سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستیەکەی فەڕەنسا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و، رایگەیاند ''ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین بکەرەکەی هەر کەسێک بێت و، هۆکار و ئامانجەکەی هەرچیەک بێت''.
لە میسر بەیاننامەیەک بە واژووی شێخی ئەزهەر، ئەحمەد ئەلتەیب بڵاوکراوەیەوە و تیایدا بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆریستیەکەی فەڕەنسا کراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ''ئەو هێرشە تیرۆریستیە قێزەونە کە لەگەڵ پەیامی لێبووردەیی ئایینی ئیسلام و ئایینە ئاسمانییەکاندا یەکناگرێتەوە، هیچ هۆکارێک نییە مایەی قبوڵ کردنی بێت''.
سەرۆکی کۆنسەی ئیسلامی فەڕەنسا، محەمەد موسەوی، لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تویتەری رێکخراوەکە بڵاویکردەوە، بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی شاری نیس-ی باشووی فەڕەنسای کرد.
هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیيەکانی جیهانی ئیسلامی بە بڵاوکردنەوەی پەیام کاردانەوەیان نیشاندا بەرامبەر هێرشەکە.