جيهان

"ترەمپ ئامادەیە بەبێ مەرجی پێشوەختە لەگەل روحانی-دا کۆبێتەوە"

- وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی-دا، کۆبێتەوە.

Dildar Baykan  | 11.09.2019 - نوێکردنەوە : 12.09.2019
"ترەمپ ئامادەیە بەبێ مەرجی پێشوەختە لەگەل روحانی-دا کۆبێتەوە"

Washington DC

واشنتۆن - AA

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی-دا کۆبێتەوە.

مایک پۆمپیۆ و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ستیڤن میونشن لە کۆشکی سپی دەربارەی ئەو بڕیارنامەیەی کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ واژووی کردووە و تایبەتە بە زیادکردنی سزاکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان رێکخست.

مایک پۆمپیۆ لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی ترەمپ و روحانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت گوتی: "سەرۆک ترەمپ ئامادەیە لەگەڵ روحانی کۆبێتەوە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە".

هاوکات وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ستیڤن میونشن ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا لە هەموو لایەنێک زیاتر سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە و دووپاتیکردەوە کە ئەمەش سوودی خۆی هەبووە و گوتی: "سەرۆک بەئاشکرا گوتی کە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە لەگەڵ روحانی کۆدەبێتەوە، بەڵام هەڵمەتی گەورەترین فشارەکانمان هەر بەردەوام دەبێت".

هەفتەی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدابوو کە ئەو کراوە دەبێت بۆ چاوکەوتن بە سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن روحانی-دا رایگەیاندبوو "نازانم، هەموو شتێک ئەگەری هەیە. کێشەی خۆیانیان هەیە دەیانەوێت چارەسەری بکەن. لە رووی ئابوورییەوە بەرەو خراپی دەچن. ئێمە دەتوانین ئەم کێشانە لە ٢٤ کاتژمێردا، چارەسەر بکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن