Hemin Hüseyin
01 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2018
هەولێر-AA
ماوەی چەند رۆژێکە حکوومەتی بەغدا بڕێک پارەی ناردووەتە هەرێمی کوردستان و دەگوترێ ئەم بڕە پارەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت کە تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکییان سەبارەت بەم بڕە پارەیە بەدەست نەگەیشتووە.
لەمیانی بەشداریکردنییان لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی کارەساتی یەکی شوبات، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و گرنگترینیشیان ئەو وەڵامەیە کە فەرمانبەران سەبارەت بە ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە چاوەڕێی دەکەن. گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بە فەرمیی تا ئێستا هیچ شتێک بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەهاتووە کە ئەو بڕە پارەیەی لە بانکی مەرکەزی عێراقی، رەوانەی هۆبەی بانکی مەرکەزی عێراقی لە هەولێر کراوە، هیچ روونکردنەوەیەک نەهاتووە کە ئەو پارەیە بۆ چ مەبەستێک هاتووە، ئایا بەشە مووچەیە یان حەواڵەکردنێکە بۆ راییکردنی کارەکانییان".
سەبارەت بە رێککەوتنەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا، سەفین دزەیی گوتی: "ماوەیەک پێش ئێستا لێژنەیەک لە بەغدا هاتن بۆ هەولێر و دواتر مەحزەری کۆبوونەوەکان مۆرکرا و رەوانەی بەغدا کراوە بۆ ئەوەی بیخەنە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و تا ئێستا چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە بەغدا وەڵاممان بداتەوە".
سەبارەت بە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنیش، سەفین دزەیی رایگەیاند کە لەم نزیکانە دانیشتنی نێوان سەرۆکایەتی حکوومەت و پەرلەمان و کۆمسیۆنی باڵا ئەنجام دەدرێت بۆ دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش کە ئایا وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە میانی بەشداریکردنییان لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس گەیشتبنە رێککەوتنێک، سەفین دزەیی گوتی: "لە داڤۆش کۆبوونەوەیەکی باش هەبووە لەنێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێم و وەزیری نەوتی عێراق، بەڵام رێککەوتن نەبووە، لە داهاتووشدا بڕیاردراوە هەندێک کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدرێت سەبارەت بە پرسی نەوت".