Zana Natık Kerem
17 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2018
قودس ــ AA
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین، مەحمود عەباس ئەنجامدا.
ئاژانسی ھەواڵی (WAFA) بڵاویکردەوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، بۆریس جۆنسۆن رایگەیاندووە، بەریتانیا گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس رەتدەکاتەوە، ھەروەھا ھاوخەمیش بۆ ئەو کەسانە دەردەبڕێت کە لە سنووری غەززە بوونەتە قوربانی.
ئاماژەی بەوەشداوە کە ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختیکردووەتەوە کە وڵاتەکەی ئامادەییە ببێتە یارمەتیدەر بۆ بەدیھێنانی ئاشتی.
لای خۆیەوە سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین، مەحمود عەباس ستایشی ھەڵوێستی بەریتانیای کردووە و دووپاتیکردووەتەوە کە لایەنی فەڵەستینی لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی لەگەڵ بەدیھێنانی ئاشتییەکی ھەمیشەیی دایە.
مەحمود عەباس جەختیکردووەتەوە کە رۆڵی ئەمریکا وەک نێوەندگیر لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین کۆتایی ھات، بە تایبەتیش دوای ئەوەی دۆسیەی قودس و پەنابەرانی لە دانوستانەکان دەرکردووە.
سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین ئەوەشی گوتووە "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، میکانیزمێکی نێودەوڵەتییە بۆ بەدیھێنانی ئاشتی".
دووشەممە و سێشەممەی رابردوو، بە دەیان ھەزار ھاووڵاتی فەڵەستینی بە مەبەستی پڕۆتێستۆکردنی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس و پڕۆتێستۆکردنی ٧٠یەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی ئیسرائیل (نەکبە) لە نزیک سنووری رۆژھەڵاتی کەرتی غەززە خۆپیشاندانیان سازکردبوو کە دواتر لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە ھێرشیانکرابووە سەر و لە ئاکامد ٦٢ کەس کوژران و سێ ھەزارو ١٨٨ی دیکەش برینداربوون.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ شەشی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل راگەیاند و ئاشکرایکرد کە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەل ئەبیبەوە دەگوازێتەوە بۆ قودس.
ئەم بڕیارەی ترەمپ کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و تەنانەت ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لێکەوتەوە.