Hasan Esen
17 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2021
لەندەن - AA
لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، رفاندن و کوشتنی سارا ئیڤیرارد لەلایەن پۆلیسێکە، هەروەها ئەو پرۆژەیاسایە کە دەسەڵاتی نوێ بە پۆلیس دەبەخشێت پرۆتێستۆ کرا.
لە میانی گفتوگۆکردن لەبارەی ''پرۆژەیاسای پۆلیس، تاوان، سزا و دادگا'' لە پەرلەمانی بەریتانیا کە دەسەڵاتی نوێ دەبەخشێتە پۆلیس لە میانی دەستوەردان لە خۆپیشاندانەکاندا، خۆپیشاندەران لە مەیدانی پەرلەماندا گردبوونەوە.
لەو خۆپیشاندانانەدا کە ماوەی سێ رۆژە درێژەی هەیە، داوای کشانەوەی پرۆژەیاساکە دەکرێت، هاوکات کاردانەوە نیشاندراوە بەرامبەر توندوتیژی دژبە ژنان و کوشتنی سارا ئیڤیرارد.
خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی دروشمی ''دیموکراسیی بپارێزە'' و ''مافی خۆپیشاندان، مافی مرۆڤە''بەرەو بینای رێکخستنی پۆلیسی لەندەن رێپێوانیان کرد و هەوڵیاندا بەربەستەکانی پۆلیس ببڕن، بەڵام پۆلیس دەستوەردانی کرد و دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی کەم گرووپەکە بە بەردەم بینای سەرۆکایەتی وەزیراندا تێپەڕی و رووی لە مەیدانی ترافالگار کرد.
سارا ئیڤیرارد، ئێوارەی سێی ئادار لە کاتی دەرچوونی لە ماڵی هاوڕێکەی و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە بێ سەروشوێن بوو و لە ١٠ی ئاداردا لە شارێکی نزیک لەندەن پاشماوەی جەستەی کەسێک دۆزرایەوە کە دەرکەوت جەستەی ئیڤیراردە.
سەبارەت بە رووداوی رفاندن و کوشتنەکە، واین کۆوزینس دەستگیرکرا و لە ١٣ی ئاداردا لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرا.
هەمان رۆژ پۆلیس دەستوەردانی کرد لە رێوڕەسمی یادەوەری ئیڤیراردا و لانیکەم چوار ژن دەستگیرکران.
کوشتنی ئیڤیرارد مشتومڕی ئەوەی هێنایەوە ئاراوە کە شەقامەکانی ئەو وڵاتە چەندە ئارامن، هاوکات ژنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا باسیان لە ترس و بەسەرهاتەکانیان کرد.
لەم نێوەندەدا، ئۆپۆزسیۆن بە ئاماژەکردن بەوەی لە ساڵی رابردوودا، ١١٨ ژن کوژراون، داوای لە حکوومەت کرد رێوشوێنی توندتر بگرێتەبەر.