Ramal Mahmood
10 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان – AA
بەرنامەی سەردانەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرس ئاشکرا کرا کە دوای تورکیا سەردانی سعوودیە، ئیمارات، عوممان، قەتەر و میسر دەکات.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەمیانی سەردانە دوو رۆژەیەکەی گۆتێرس ئەمڕۆ سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیران، بینالی یڵدرم بە جیا کۆدەبیتەوە.
دووەم وێستگەی سەردانەکەی گۆتیرس سعوودیە دەبێت و لەگەڵ شای سعوودیە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز و جێنشینی پاشا و جێگرەکەی کۆدەبێتەوە.
گۆتێرس دواتر لە شاری دوبەی ئیمارات بەشداری لە "کۆبوونەوەی لوتکەی بەڕێوەبردنی جیهان ٢٠١٧" دەکات. دوای دوبەی سەردانی عوممان، قەتەر و میسر دەکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتانە کۆدەبێتەوە و تاوتوێی کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات.
دوای تەواوبوونی سەردانەکانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە شاری بۆن لە ئەڵمانیا و بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی G20 دەکات، دواتر لە شاری میونخ بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشدا دەکات و لە ٢١ی شوباتیشدا دەگەڕێتەوە نیویۆرک.