Qais Omar Darwesh Omar
17 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2023
غەززە - AA
حکوومەتی غەززە سەر بە بزووتنەوەی حەماس هۆشداری دا کە بە هۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل و گەمارۆدانی ناوچەکە، سووتەمەنی لەو شارە بەرەو نەمان دەچێت و ئەوەش کارەساتێکی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.
سەرۆکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە غەززە، سەلامە مەعروف لەبارەی کەمبوونەوەی سووتەمەنی بە هۆی هێرشە بەردەوامەکان و بوونی گەمارۆکان بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
سەلامە مەعروف وێڕای ئاماژەکردن بە هێرشەکانی ئیسرائیل کە لە ٧ی مانگەوە دەستی پێکردووە، ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەهۆی ئەو دۆخەوە سنووردار بووە و ئەوەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ کارەساتێکی مرۆیی و گوتیشی: "لە نەخۆشخانەکان ئەگەر کارەبا نەبێت ناتوانین خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین. بە تایبەتیش برینداران و ئەو منداڵانەی پێشوەختە لەدایک بوون، وەک ئەوە وایە کە بڕیاری لەسێدارە دانت بۆ دەرکردبێتن".
مەعروف جەختی لەوەشکردەوە کە تەنیا نەخۆشخانەکان نین، بەڵکو شارەوانییەکان و بیرەکانی ئاویش پێویستیان بە سووتەمەنی هەیە و ئەگەر سووتەمەنی نەبێت، تەندروستی خەڵکی غەززە دەکەوێتە مەترسییەوە و تەنانەت ناتوانرێت ئاوی خواردنەوەش دابین بکرێت.
سەلامە مەعروف گوتیشی: "کارەساتێکی مرۆیی لەبەردەم کامێراکان لە کەرتی غەززە لە کاتی ڕووداندایە" و جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ دابین کردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک سووتەمەنی، یارمەتییە پزیشکییەکان و ئاو و خۆراک دەروازەی سنووری ڕەفەح بکرێتەوە.
سەرۆکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە غەززە، سەلامە مەعروف داواشی لە وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە هەڵوێست وەربگرن.