Mücahit Aydemir
04 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2023
جەنین – AA
بۆ رۆژی دووەم گەمارۆدان و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو بەردەوامە.
هەڵکوتانەسەر و پەلامارە ئاسمانییەکان کە لە شەوی رابردووەوە بۆسەر کەمپی پەنابەرانی جەنین دەستیان پێ کردووە پێی ناوەتە رۆژی دووەمەوە.
ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی لە ئاکامی پەلامارەکان گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٠ کەس و نزیکەی ١٠٠ کەسی دیکەیش بریندار بوون کە برینی ٢٠ کەسیان سەختە.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە فەڵەستینییەکی دیکە لە ناوچەی مەرج بن عامر لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلییەوە کوژراوە.
زوو زوو دەنگی تەقە لە جەنین دەبیسترێت کە ئیسرائیل بە سەرباز، زرێپۆش، بوڵدۆزەر و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان گەمارۆی داوە.
لای خۆیشیەوە سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە سوپا و دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل (Shabak) بەردەوامن لە چالاکییەکانیان لە جەنین و کەمپی پەنابەرانی جەنین.