Erbil Başay,Muhammet Ali Kemal
29 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2018
بەرلین - AA
بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکراتەکان، ئەنگێلا مێرکڵ لە کۆنگرەی گشتیی پارتەکەیدا کە بڕیارە لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی گشتیی پارتەکەی کاندید ناکاتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی دی پی ئەیی ئەڵمانی، لەدوای ئەو دابەزینە ئێجگار زۆرەی دەنگی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێی پارێزگای هێسندا، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی پارتی یەکێتیی کریستیانە دیموکراتەکان ئامادەیی ئەنگێلا مێرکڵ بۆ دەستبەرداربوون لە سەرۆکایەتیی گشتیی پارتەکە باسی لێوەکراوە.
لە هەواڵەکەدا باس لەوەشکراوە کە ئەنگێلا مێرکڵ بەردەوام دەبێت لەسەر مانەوە لە پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا.
شوێنگرەوەی ئەنگێلا مێرکڵ لە کۆبوونەوەی گشتیی پارتی یەکێتیی کریستیانە دیموکراتەکان کە بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە هامبۆرگ سازبکرێت، دەست نیشان دەکرێت.
لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە میدیای ئەڵمانییدا، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە پەرلەمانتاری پێشوو، فرێدریک مێرز رایگەیاندووە کە دەبێتە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتیی کریستیانە دیموکراتەکان.
میدیای ئەڵمانی باس لەوەش دەکات کە رەنگە سکرتێری گشتیی ئێستای پارتەکە، ئانێگرێت کامپ کارنباوەر ببێتە سەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتیی کریستیانە دیموکراتەکان.