Ömer Faruk Yıldız
24 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2022
جنێڤ - AA
بەهۆی وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لەو ساڵانەی قەیرانی پەنابەر هەبوو، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە، زانست و رۆشنبیری (یونیسکۆ)، خەڵاتی ئاشتیی دەبەخشێتە راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی یونیسکۆدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە مێرکڵ بە شایستە دانراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی ئەمساڵ.
لێدوانی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان، دێنیس موکویج لە راگەیەندراوەکەدا خراوەتەڕوو کە دەڵێت ''بڕیارە بوێرەکەی لەبارەی وەرگرتنی زیاتر لە ١،٢ ملیۆن پەنابەری سووریایی، عێراقی، ئەفغانستانی و ئەریتێریایی لە ساڵی ٢٠١٥دا، کاریگەری زۆری لەسەر ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانان دروست کرد''.
دێنیس موکویج باسی لەوە کرد، مێرکڵ کە بە بوێرانە پەنابەرانی لە وڵاتەکەی وەرگرت، وانەیەکی بۆ مێژوو جێهێشت.
بەڕێوەبەری گشتیی یونیسکۆ، ئاودری ئازۆولای جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەوڵەکانی مێرکڵ بەرز دەنرخێنن لەبارەی قەیرانی پەنابەران و رایگەیاند ''ئازار گشتگیرە. لەبەرئەوە دەبێت چارەسەرەکانیش بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان گشتگیربن. فەراهەمکردنی ئاشتیی بە کردنەوەی دەرگاکان دەبێت بەڕووی ئەوانەی ئازار دەچێژن''.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە نەکراوە کە چ کاتێک خەڵاتەکە پێشکەش بە مێرکڵ دەکرێت.
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تا ٢٠٢١ ئەو وڵاتەی بەڕێوە برد و لە ساڵی ٢٠١٥دا کە قەیرانی پەنابەران هەبوو، بە پێچەوانەی حکوومەتەکانی دیکەی ئەورووپا پێشوازی لە پەنابەران کرد.