Muhammet Ali Kemal
26 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2017
نەتەوەیەکگرتووەکان- AA
بە هۆی ئەو رەخنانەی کە ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرابوویەوە کە تەنها لە دانیشتنی داخراودا تاوتوێی توندوتیژییەکانی دژ بە موسڵمانانی رۆهینگیا دەکات، ئەنجوومەنەکە بڕیاری ئەنجامدانی دانیشتنێکی کراوەی لە رۆژی ٢٨ی ئەیلوولدا دا.
دوای ئەوەی نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، ماتیو رایکرۆفت داوای کرد ئەنجوومەنەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی رووداوە توندوتیژەکان و دۆخی موسڵمانانی رۆهینگیا کۆبێتەوە، لەسەر داواکاریی شەش ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنەکەش، بڕیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک درا.
ئەمجارە ئەنجوومەنی ئاسایش لە دانیشتنێکی کراوەدا تاوتوێی بابەتەکە دەکات و سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس-یش زانیاریی سەبارەت بە دۆخی موسڵمانانی رۆهینگتیا دەداتە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە.
ئەنجوومەنی ئاسایش پێشتریش دوو جاری دیکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی موسڵمانانی رۆهینگیا کۆببووەوە بەڵام بە هۆی ئەوەی دانیشتنەکان داخراوبوون، ئەوە کاردانەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لێکەوتبوویەوە.