Mazın Asad
27 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی لەمەڕ پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و بانگەوازی دیالۆگ و خۆدوورخستنەوە لە ھەڕەشە و بەکارھێنانی ھێز لە گشت لایەنەکان کرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مانگی تشرینی یەکەم و نوێنەری ھەمیشەیی فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، فرانسواس دەلاتری دوای بەشداریکردنی لە دانیشتنێکی داخراو لەبارەی دوا پێشھاتەکانی عێراق، لێدوانێکی دا بە رۆژنامەوانان.
دەلاتری رایگەیاند: "ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی عێراق و پێشمەرگە. بانگەوازی دیالۆگ و خۆدوورخستنەوە لە ھەڕەشە و بەکارھێنانی ھێز لە گشت لایەنەکان دەکات".
نوێنەری ھەمیشەیی فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دا کە ئەگەر داوا بکرێت، نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە ھاوکاری لەمەڕ بابەتی پاراستنی یەکێتی عێراق و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان پێشکەش بکات و راشیگەیاند پێویستە خێرا وادەیەک بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوە لە نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستان دیاری بکرێت.
راشیگەیاند ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوڕایە لەسەر سەروەری، یەکپارچەیی خاک و یەکێتی عێراق.