Zana Natık Kerem
20 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2022
ھەولێر – AA
ئەمرۆ سێشەممە، دووەمین کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشیی لە ئوردن ئەنجام دەدەرێت.
کۆنگرەکە لە سەنتەری شا حوسێن بن تەلاڵ لە دەریای مردوو باشووری رۆژئاوای ئوردن بەڕێوەدەچێت.
ھەریەک لە فەڕەنسا، عێراق، تورکیا، ئێران، سعوودیە، قەتەر، سوڵتانشینی عومان، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن و میسر بەشداری لە دووەمین کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی دەکەن.
لە میانی کۆنگرەکەدا، پاڵپشتیکردن لە سەروەریی عێراق و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئاسایشی خۆراک، ھەروەھا ئاسایشی وزە لە ناوچەکە و جیھان تاوتوێ دەکرێن.
ھاوکات بەر لە دەست پێ کردنی کۆنگرەکە، سوپای ئوردن رێوشوێنی توندی بۆ پاراستنی بەشداربووانی کۆنگرەکە گرتووەتەبەر.
لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢١دا، یەکەمین کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشیی بە بەشداریی سەرۆک، وەزیرانی دەرەوە و نوێنەری وڵاتانی، تورکیا، ئێران، سعوودیە، ئوردن، کوێت، ئیمارات، قەتەر، میسر و فەڕەنسا لە بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو.