Mücahit Oktay
25 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2020
نیویۆرک - AA
بەهۆی ئەو ئاگرەی کە هەفتەی رابردوو لە ویلایەتی کالیفۆرنیا باشووری رۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمریكا کەوتووەتەوە و هێشتا بەردەوامە، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسیش ناچاربوون ماڵوحاڵیان جێبهێڵن.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لەو ئاگرەی لە ١٥ی ئابەوە تا ئێستا بەردەوامە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و تێکڕا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆنم دارستان لەناوچوون.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئاگری سەر رووبەری ٧٠٠ هەزار دۆنم بەهۆی هەوروبروسکەوە کەوتووەتەوە کە یەکێکە لە گەورەترین ئاگرەکان لە مێژووی ویلایەتەکەدا.
بەهۆی هەلومەرجی کەشوهەواوە لە هەندێک ناوچەی ویلایەتەکە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و زۆرێک لە قوتابخانە و پارکەکان داخراون و ١٠ هەزار کەسیش کە دەربەدەربوون، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ناتوانن بچنە لای خزم و هاوڕێیانیان.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن یەکەی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی هەورەبروسکە بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکە کەمێک ئاسانتر بووە، بەڵام بەهۆی زۆری رووبەری ئاگرەکەوە ماوەی کوژانەوەی کاتێکی زۆر دەخایەنێت.
لە لایەکی دیکەوە لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن دەزگای کەشناسی نیشتمانیی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لەو ناوچەیەی بە ''ناوچەی سوور'' ناسراوە لە مەترسیدان و لانیکەم هەزار و ٢٠٠ خانوو بەتەواوی سووتاون.