Dilara Zengin Okay
24 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2023
واشنتۆن – AA
ئیدارەی ئەمریکا، بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران وەقفی هاوکاریی سوپای پاسداران و پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی وەقفەکە، جێگری وەزیری هەواڵگریی و ئاسایشی ئێران و چوار فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی خستە نێو لیستی سزاکانییەوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە پەیوەست بەو سەرکوتکردنەی کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێران ئەنجامدراوە، سزا خراوەتە سەر وەقفێک و چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو کە وەقفی هاوکاریی سوپای پاسداران و پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی وەقفەکە، چوار فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و جێگری وەزیری هەواڵگریی و ئاسایشی ئێران، ناسڕ رەشیدی خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوەش کراوە کە ئەو وەقفە پایەی ئابووریی سوپای پاسدارانی ئێرانە و ئەو بەرپرسە ئەمنییە باڵایانەی کە سزاکان لەسەریان جێبەجێ دەکرێت سەرپەرشتی جێبەجی کردنی سەرکوتکردنەکانیان لە سەر ئاستی وڵاتەکە و پارێزگاکان کردووە.