Kasım İleri
24 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2022
واشنتۆن
لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان رووسیا-ئۆکراینا بەرەو ھەڵکشان دەچێت، ئەمریکا پێداچوونەوەی بەو زانیارییەدا کرد کە لەژێر دەستی سوپادایە.
بەرپرسێکی پێنتاگۆن لە روونکردنەوەیەکیدا بۆ رۆژنامەوانان، ئاشکرایکرد ئەو ھێزانەی کە رووسیا لە بێلاڕووس و چواردەوری ئۆکراینا جێگیری کردووە، چوونەتە دۆخێکەوە کە تا دەتوانن ئامادەن بۆ ھێرشبردن.
بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەش کرد کە ناتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە ئایا ھێشتا ھێزی رووسیا سنووری ئۆکراینای بەزاندووە یان نا.
پەرپرسەکە گوتی: "نزیکەی لە سەدا ٨٠ی ھێزەکان، لە بەرەی پێشەوەی سنوورن و بەوە ھەڵیدەسەنگێنین کە ھەر کاتێک بێت ئامادەن بۆ چوونە ناو خاکی ئۆکراینا".
ئەو بەرپرسە باڵایەی پێنتاگۆن راشیگەیاند رووسیا لە سەدا ١٠٠ی ئەو ھێزانەی کۆکردووەتەوە کە پێشبینی دەکەن داگیرکارییەکی گشتی پێ ئەنجامبدات و نیگەرانیی لە بەرامبەر ئەوە دەربڕی کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پویتن، سەرجەم جۆرەکانی ھێزی ههر لە مووشەکی بالیستی و یەکە سەربازییە وشکایی و زریپۆشەکانەوە تا ھێزی تایبەت و ھێزی دەریایی لە دەریای رەش وئامادە دەکات بۆ داگیرکاریی.
بەرپرسەکە گوتیشی: "بێ ھیچ گومانێک ژمارەی کەشتیگەلەکەیان لە دەریای ناوەڕاست و دەریای رەش زیاد کردووە. ئەگەر پلانی داگیرکردنی ئۆکرایناتان ھەیە و بۆ ئەوەی ئەو داگیرکارییە بەشێوەیەکی کاریگەر ئەنجامبدەن ئەو وڵاتە گەمارۆ دەدەن، ئەو کات بە روونی ھێزەکانی دەریای رەش و دەریای ناوەڕاست تەنھا بۆ گەیاندنی سەرباز بۆ وشکایی بەکار ناھێنن بەڵکو لە ھەمان کاتدا بۆ بۆردومانی مەودا درێژیش گرنگ دەبێت".
- "پێشوازیی لە روونکردنەوەکەی تورکیا دەکەین"
بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن، باسی لە ھەڵوێستی تورکیا کرد و گوتی: "تورکیا زۆر بە توندی رووبەڕووی بڕیاری راگەیاندنی سەربەخۆیی دۆنێتسک و لوھانسک لەلایەن بەڕێز پوتین-وە بوویەوە و ئەوە روونکردنەوەیەک بوو کە پێشوازیی لێکرا".