Dildar Baykan Atalay
19 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2022
واشنتۆن-AA
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جهیك سوڵیڤان دەربارەی ئەندامبوونی فینلاند و سوید لە ناتۆ رایگەیاند: "دهكرێت نیگەرانییەکانی تورکیا بڕهوێندرێنهوه" و ئەمریکاش رۆڵی لەم پێواژووەدا گێڕاوە.
جهیك سوڵیڤان بە مەبەستی ھەڵسەنگاندن بۆ سەردانەکەی سهرۆكی ئهمریكا، جۆ بایدن بۆ کۆریای باشوور و ژاپۆن کە سبەینێ دەست پێدەکات، لە ژووری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی چاوی بە رۆژنامەوانان کەوت.
سوڵیڤان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سەردانە یەکەم سەردانی بایدن دەبێت لە کاتی سەرۆکایەتیدا بۆ ناوچەی ئاسیا-زەریای ھێمن و ھەڵسەنگاندنی بۆ داواکاریی سوید و فینلاند بۆ بوونه ئەندام لە ناتۆ کرد.
سەبارەت بە داواکاریی بوونه ئهندام له ناتۆ لهلایهن سوید و فینلاندهوه، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە "گرنگییەکی مێژوویی" ھەیە و جەختی لەوە کردەوە کە پاڵپشتیی تەواوی ئەندامبوونی ئەو وڵاتانە لە ناتۆ دەکەن.
- ھەڵوێستی تورکیا
جهیك سوڵیڤان باسی لە ھەڵوێستی تورکیا لە دژی ئهندامێتیی سوید و فینلاند لە ناتۆ کرد و رایگهیاند: "لەو بڕوایەداین لە کۆتاییدا سوید و فینلەندا بە شێوەیەکی کاریگەر دەگەنە ناتۆ و دەتوانرێت نیگەرانییەکانی تورکیا لەبەرچاو بگیرێت".
سوڵیڤان ئاماژەی بەوەش کرد کە فینلاند و سوید لەسەر ئەو باسە راستەوخۆ لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندیدان و گوتی: "ئێمەش لە ھەمان کاتدا بە مەبەستی ئاسانکردنی پێواژووەکە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ دەکەین. من ئەمرۆ لەگەڵ ھاوتاکەمدا گفتوگۆم کرد، وەزیری دەرەوە (ئانتۆنی) بڵینکن لەم ساتەدا لەگەڵ ھاوتا تورکییەکەی لە کۆبوونەوەدایە".
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، گەشبینی خۆی به پێواژووەکە دهربڕی و ئاماژهی بهوهكرد، سبەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ھەردوو سەرکردەی سوید و فینلاند دەکات.
- "لەو بڕوایەدام دەتوانرێت ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن"
جهیك سوڵیڤان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری وەستانەوەی وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ جگە لە تورکیا لە دژی ئەندامبوونی سوید و فینلاند، گوتی: "رای جیاواز یەکێکە لە باشترین تایبەتمەندییەکانی ھاوپەیمانانی رۆژئاوا".
سوڵیڤان ئاماژەی بەوە کرد لە بابەتی بوونی ھەر بیروڕایەکی جیاواز، دەتوانرێت كهشێكی ھاوبەش بدۆزرێتەوە و گوتی: "من لەو بڕوایەدام دەتوانرێت ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و ناتۆ لە بابەتی پاڵپشتیکردنی سوید و فینلاند یەکدەنگ دەبێت".