Islam Doğru
29 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2022
نیویۆرک - AA
لە شاری ئێل پاسۆ سەربە ویلایەتی تێکساس باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەست بە دروستکردنی دامەزراوەیەک کراوە بۆ رێکارەکانی کۆچبەرانی نایاسایی.
گوتەبێژی گومرک و پاراستنی سنوورەکانی ئەمریکا (CBP)، لاندۆن هاچنس لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "CNN" رایگەیاند، ئەو دامەزراوە لەلایەن دەورییەکانی ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت و گوتی: "لە دامەزراوەکەدا کە جێگەی نزیکەی هەزار کۆچبەری نایاسایی دەبێتەوە، بەپێی یاساکانی ئەمریکا رێکارەکانی کۆچبەرانی نایاسایی تیادا جێبەجێ دەکرێت".
لاندۆن هاچنس راشیگەیاند، کارەکانی دروستکردنی دامەزراوەکە بەردەوامە و لە مانگی کانوونی دوومەوە دەکرێتەوە.
لە سەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ یاسای "Title 42" خرایە بواری جێبەجێکردنەوە کە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی خێراتر دەکات، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاندبوو دژبە لێشاوی کۆچی نایاسایی پلان بۆ دروستکردنی نزیکەی ١٠ دامەزراوەی هاوشێوە لەسەرسنوور داناوە.