Muhammet Ali Kemal
11 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2016
واشنتۆن - AA
ئیدارەی ئەمریکا بانگەشەکانی برینداربوونی سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەبووبەکر بەغدادی لە هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیماناندا، پشتڕاست نەکردەوە.
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، برێت ماکگۆرک، بەشداری لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی کۆشکی سپیدا کرد و زانیاریی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکان خستەڕوو.
ماکگۆرک ئاماژەی بەوە کرد هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشەکانیان بۆ سەر خاڵە ناوەندییەکانی داعش لە سووریا و عێراق چڕكردووەتەوە و بەو هۆیەشەوە ورەی رێکخراوەکە دەستی بە داڕووخان کردووە.
برێت ماکگۆرک رایگەیاند: ''لە کرۆکی داعش زیاتر نزیک دەبینەوە'' و شاری رەققەی سووریا گەمارۆ دراوە کە رێکخراوەکە وەک بەناو پایتەخت رایگەیاندبوو.
راشیگەیاند: ''هەر سێ رۆژ جارێک سەرکردەیەکی باڵا یان مامناوەندییان لێ دەکوژین و تەنها لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ١٠٠ سەرکردەی داعشمان لەناو بردوون''.
سەبارەت بە بانگەشەکانی برینداربوونی سەرۆکی داعش ئەبووبەکر بەغدادی لە هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیماناندا، ماکگۆرک سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ماوەی ساڵێکە بەغدادی لە هیچ شوێنێک نەبینراوە، ئەو زیاتر گوتی: "بەڵام پێمان وایە کە هێشتا لە ژیاندایە" و کوشتنیشی ''ئەگەری هەیە لەهەر ساتێکدا روو بدات''.
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، جەختی لەوە کردەوە داعش توانای پێشووی لەدەست داوە، لە عێراق لەسەدا ٥٠ و لە سووریاش لەسەدا ٢٠ی ئەو ناوچانەی کە بەدەستییەوە بوون، لەدەست داوە.
باسی لەوەشکرد ''ورەی چەکدارەکان روو لە داڕووخانە'' و داعش چەکدارەکانی گوللـەباران دەکات.
برێت ماکگۆرک ئاشکرای کرد دابەزینێکی بەرچاو لە ژمارەی ئەو چەکدارە بیانییانەدا بوونی هەیە کە پەیوەندی بە رێکخراوەکەوە دەکەن و گوتی: ''کاتێک سەیری ژمارەی چەکدارە بیانییەکان لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا لە نێو داعش دەکەین، ئەوکاتە ژمارەیان بە ٣١ هەزار دەخەمڵێنرا. ئێستا کەمترە، بگرە لە ئێستادا لە نزمترین ئاستدایە. دیاریکردنی ژمارەیەک زۆر قورسە بەڵام پێمان وایە ١٩ بۆ ٢٥ هەزار چەکدارن و ئەم ژمارەیە بەشێوەیەکی خێرا روو لە دابەزینە''.
ماکگۆرک باسی لەوەشکرد یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی پەیوەندیکردنی چەکدارە بیانییەکان بە داعشەوە، ئەو رێ و شوێنانەیە کە تورکیا لەسەر سنوورەکانی وڵاتەکەی گرتوونیەتییە بەر و گوتی: ''تورکیا کاری باشی ئەنجام دا لە رێگەی ئەو رێ و شوێنانەی لەسەر سنوور گرتنیەبەر و بووە هۆی داخرانی ناوچەکە''.