جيهان

ئەفغانستان.. سەرۆكی حكوومەت سەركەوتنی خۆی راگەیاند

- سەرۆكی حكوومەتی ئەفغانستان، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا: "لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتییدا كە رۆژی شەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، سەركەوتنم بەدەستهێناوە".

01.10.2019 - نوێکردنەوە : 08.10.2019
ئەفغانستان.. سەرۆكی حكوومەت سەركەوتنی خۆی راگەیاند

Kabil

كابول ــ AA

سەرۆكی حكوومەتی ئەفغانستان، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتییدا كە رۆژی شەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، سەركەوتنی بەدەستهێناوە.

رۆژنامەی "Afghanistan Times" بڵاویكردەوە، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا كە بەهێزترین ركابەرەكانی سەرۆكی ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی-یە (دەسەڵاتی كۆتایی هاتووە) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە كردووە كە بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی خۆی، دەنگی لایەنگرانی بەرزترینە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا و لەبەر ئەوە، سەركەوتنی خۆی راگەیاندووە.

لای خۆیەوە سەرۆكی ئەمنیدارێتی لیژنەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی ئەفغانستان، حەبیب رەحمان نانگ رایگەیاند كە بەرلەوەی بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە لایەن لیژنەكەیانەوە بڵاوبكرێتەوە، هیچ كاندێك مافی ئەوەی نییە سەركەوتنی خۆی رابگەیەنێت.

كەناڵی تلوع نیوز بڵاویكردەوە، حەبیب رەحمان نانگ ئاماژەی بەوە كردووە كە جگە لە لیژنەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هیچ كەس و لایەنێك مافی ئەوەی نییە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی رابگەیەنێت.

ئەوەیشی بڵاوكردووەتەوە، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا ئەوەی ئاشكرای كردووە كە دەنگی لایەنگرانی بەرزترینە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتییدا و پێویست ناكات پەنا ببرێت بۆ ئەنجامدانی خولی دووەم.

عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا سوپاسی گەلی كردووە لە هەمبەر بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتییدا و گوتی: "گەلەكەمان دەنگی دا دژبە دیكتاتۆریەت و جیاكاریی".

لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەفغانستاندا كە رۆژی شەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، ١٤ كاندید ركابەری یەكتریان كرد بۆ بەدەستهێنانی كورسی سەرۆكایەتی ئەفغانستان بە تایبەتیش ركابەرییەكە زیاتر لە نێوان سەرۆكی ئەو وڵاتە، ئەشرەف غەنی كە دەسەڵاتەكەی كۆتایی هاتووە و سەرۆكی حكوومەت، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا دابوو.

پێشتر كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی ئەفغانستان رایگەیاندبوو، پڕۆسەی دەنگدانی ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی، سەركەوتووترین پڕۆسە بوو كە لە میانی ١٨ ساڵی رابردوودا ئەنجام درابێت، وێرای ئەوەی ٥٦٨ هێرش لە رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتییدا ئەنجام دران.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەفغانستان، هەر كاندیدێك پێویستە زیاتر لە سەدا ٥٠ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی وڵات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın