Ferdi Türkten
11 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2022
ئانتاڵیا - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا لە ئانتاڵیا، بەواتای بە ئامانج گەیشتنی کۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئانتاڵیا دێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەستپێکی کۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئانتالیا، گوتارێکی پێشکەش کرد و خۆشحاڵی خۆی لە بەشداریکردنی سەرۆک و بەرپرسی وڵاتە جیاجیاکانی جیهان، دەربڕی.
سەرکۆماری تورکیا لە بارەی جەنگی رووسیا-ئۆکرایناوە رایگەیاند "ئەگەر لە ٢٠١٤دا، وڵاتانی خۆرئاوا و جیھان پێشیان لە داگیرکردنی کریمیا گرتبا، ئەمڕۆ رووبەڕووی ئەم جەنگە نەدەبووینەوە کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە سیستمێکی ئاسایشی نێودەوڵەتیی نوێ دابمەزرێت کە خزمەت بە ھەموو مرۆڤایەتی بکات، گوتیشی: "لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەماندا، بەردەوام دەبین لە بەکارھێنانی ھەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی مۆنترۆدا بە وڵاتەکەمان دراوە".
سەرکۆماری تورکیا لە بارەی ئایندەی جەنگەکەشەوە گوتی: "ئاواتەخوازین لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینادا، ژیری باڵا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بەزووترین کات چەکەکان بێدەنگ ببن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەشی بە سستی روڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دۆخەی ئێستادا کرد و گوتی: "لە کاتێکدا یەکێک لە لایەنەکانی جەنگەکە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاوەن مافی رێگرتن بێت لە لایەنەکەی دیکە، رۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سست دەبێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گرنگی چەسپاندنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشی دووپات کردەوە و رایگەیاند "پێویستە لە بری هەوڵدان بۆ پارێزگاریکردن لەم دۆخەی ئێستا، کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بکرێت، لەبری بەرژەوەندی پێنج وڵات، سیستمێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی نوێ دابمەزرێت کە خزمەت بە هەموو مرۆڤایەتی بکات".