جيهان

ئەردۆغان: "ئاواتەخوازین ھەموو ھاوپەیمانەکانمان کێشە سیاسییەکانیان بەلاوە بنێن و ھاوکاری تەواوی تورکیا بکەن"

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان: "بە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری وڵاتەکەمان، زیاتر لە ھەشت ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەترمان لە تیرۆر پاک کردەوە".

14.06.2021 - نوێکردنەوە : 16.06.2021
ئەردۆغان:  "ئاواتەخوازین ھەموو ھاوپەیمانەکانمان کێشە سیاسییەکانیان بەلاوە بنێن و ھاوکاری تەواوی تورکیا بکەن"

Ankara

برۆکسل - AA

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند لە لووتکەی ناتۆدا، چەند بڕیارێکیان لەبارەی گرتنەبەری ھەنگاوی پێویست بۆ پتەوکردنی رەھەندی سیاسیی ناتۆ لەگەڵ بەھێزترکردنی لە رووی سەربازییەوە دەرکردووە.

ئەردۆغان، لەمیانی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی کە لە دوای لووتکەی ناتۆ ئەنجامیدا، ھیوای خواست کە ئەو کۆبوونەوانەی ئەمڕۆ ئەنجامدراون ببێتە مایە خۆشی بۆ وڵاتانی ئەندام و سەرجەم مرۆڤایەتی.

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سەردەمە، سەردەمی راکردن نییە لە بەرپرسیارێتییەکان، بەڵکو سەردەمی کارکردنی ھاوبەشە، و گوتی، "پێداگریی ناتۆ و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی بۆ پاراستنی سەقامگیریی جیھانی زیادیکردووە".

ئەردۆغان، گوتی، "لە دەریای سپیەوە بۆ دەریای رەش، لە ئەورووپاوە بۆ ئاسیا، لە ھەر شوێنێک کە پێویست بە سەیوانی ئەمنیی ناتۆ بکات، دەبێت پەیمانەکە رۆڵێکی کاریگەر لە ئەستۆ بگرێت".

ئەردۆغان، گوتیشی، "ئاواتەخوازین ھەموو ھاوپەیمانەکانمان کێشە سیاسییەکانیان بەلاوە بنێن و ھاوکاری تەواوی تورکیا بکەن".

- "ھەڵوێستی دژبەیەک تیرۆر لەناو نابات".

سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، گوتی، "بە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری وڵاتەکەمان، زیاتر لە ھەشت ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەترمان لە تیرۆر پاک کردەوە".

ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئاشکرایە ھەڵوێستی دژبەیەک تیرۆر لەناو نابات، بە پێچەوانەوە ھانی رێکخراوی تیرۆریستی دەدات و گوتی، "ئەو بۆچوونە نائاکامەی کە لە پرسی تیرۆردا جیاوازی لە نێوان رێکخراوەکان دەکات و ئەو بابەتە بۆ تیرۆریستی باش-تیرۆریستی خراپ پۆلین دەکات، بە داخەوە تا ئێستاش بەردەوامە".

ئەردۆغان، گوتیشی، "گرفتێکی گەورەیە کە ئێمە ئەو تیرۆریستانەی بۆ وڵاتانی خۆیان رەوانەی دەکەینەوە، بە بێ لێکۆڵینەوە ئازاد دەکرێن و تەنانەت لە ھەندێک وڵات کردەوەی تیرۆریستیش ئەنجام دەدەن".

سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، گوتیشی،"لە چوارچێوەی گوتارەکانماندا لە لووتکەکە و لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانیشدا بە ئاشکرای ئاماژەمان بە پێویستی کۆتاییھێنان بە پشتیوانیکردنی پەیەدە/پەکەکە کردووە".

- کۆبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدن

سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، گوتی "وەک دوو ھاوپەیمان و ھاوبەشی ستراتیجی، ھاوڕابووین لەسەر بابەتی بەکارھێنانی کەناڵی دیالۆگی راستەوخۆ بەشێوەیەکی کاریگەر و رێکوپێک".

ئەردۆغان، جەختی لەوە کردەوە کە لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکادا، ھیچ پرسێک نییە کە چارەسەر نەکرێت و گوتی، "مەودای ھەماھەنگی کردنمان، لە کێشەکانمان فراوانتر و دەوڵەمەنترە".

ئەردۆغان، گوتیشی، "بە بۆچوونێکی بونیاتنەرانەوە تاوتوێی توانای ھەماھەنگیمان لەو بوارانەی کە تێدا خاوەن بەرژەوەندی ھاوبەشین، کردەوە".

ئەردۆغان، سەبارەت بە پرسی سستەمی بەرگریی ئاسمانیی رووسی S-400وە گوتی، "لەبارەی S-400 وە پێشتر بۆچوونمان چی بووبێت، ھەمان شتم بە بەڕێز سەرۆک (بایدن) راگەیاندووە، بە ھەمان شێوە ئاماژەم بە پرسی F-35-یش کردووە".

سەبارەت بە پرسی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ، ئەردۆغان، گوتی، "بۆچوونمان لەسەر گواستنەوەی ھێزەکانی پاکستان و ھەنگاریا بۆلای خۆمان (لە فڕۆکەخانەکە) پێڕاگەیاند (بە بایدن)".

ئەردۆغان هەرلەمبارەیەوە گوتیشی، "ئەگەر خوازیاری مانەوەی ئێمەن لە ئەفغانستان، ئەوە پشتیوانییەکانی دیپلۆماتیک، لۆجستیک و دارایی ئەمریکا گرنگە".

سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەوەشی راگەیاند کە بانگھێشتی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدنی کردووە کە سەردانی تورکیا بکات و گوتی، "لە رووی بەردەوامی پەیوەندییەکانەوە ئەرێنی بوو. جەنابیانم بانگھێشتی تورکیا کردووە، ئەویش رایگەیاند کە دەتوانێ سەردانی تورکیا بکات".

- کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان میچۆتاکیس

سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان میچۆتاکیس، گوتی، "کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ میچۆتاکیس ئەنجامدا. پێم گوت 'با وڵاتانی سێیەم و کەسانی دیکە تێکەڵ بە پرسی ئیجە و ناوچەکانی دیکە نەکەین'".

ئەردۆغان ، گوتیشی، "ئەگەر پێویست بکات پەیوەندییەکانمان لە رێگەیەکی تایبەتی خۆمانەوە ئەنجام دەدەین و ئەو بۆچوونەمان سەلماند کە 'پێویست ناکات کەسانێکی دیکە بێنە نێو گفتوگەیەکانمان' ".

ئەردۆغان، ئەوەشی راگەیاند کە سەرکۆماری فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پێی گوتووە، "بەھیچ شێوەیەک دژایەتی ئیسلام ناکەم، ئەمە وەکو دۆستێک پێتان دەڵێم ".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın