Sangar Hamad Azeez
02 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2018
ئەنقەرە - AA
سێ رۆژ لەمەوبەر لە هەریەک لە شارەکانی مەشهەد، شیراز و ئەسفەهان سەدان کەس بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە کێشە ئابوورییەکانی ئێران خۆپیشاندانیان سازکرد و ئەمڕۆش خۆپیشاندانەکان بەرەو تارانی پایتەختیش تەشەنەی سەند.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیای لۆکاڵی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە، سێ رۆژ لەمەوبەر لە شاری مەشهەد نزیکەی ١٠٠ کەس خۆپیشاندانێکیان سازکرد و ناڕەزایەتیان دژی گرانیی و بەرزبوونەوەی نرخی دراوە بیانییەکان دەربڕی، بەڵام دوای پۆلیس بەرەوڕوویان بووەوە.
هاوکات بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، ئەوە دەبینرێت کە سەدان کەس لە هەریەک لە ئەسفەهان و شیراز ناڕەزایەتی دژی گرانیی و بەرزبوونەوەی نرخی دراوە بیانییەکان دەردەبڕن.
ئەمڕۆش خۆپیشاندانەکان بەرەو شاری تاران تەشەنەی سەند و بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەک هاووڵاتی لە گۆڕەپانی وەلیئەسر لە تاران گردبوونەتەوە و ئاگریان لە زبڵدانەکانی ناوچەکە بەرداوە.
ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆکانیش بەدیدەکرێت خۆپیشاندەران داوا لە هاووڵاتیان دەکەن بچنە ریزیانەوە.