Ecem Şahinli Ögüç
02 ئادار 2026•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2026
ئەنقەرە - AA
بەپێی هەواڵێکی پلاتفۆرمی ئاکسیۆس کە پشتی بە سەرچاوە باڵاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەستووە، بڕیار بووە ڕۆژی شەممە ٢١ی شوبات هێرش بکرێتە سەر ئێران، بەڵام ئەمریکا بەهۆی پێویستی بە هەماهەنگیی باشتر لەگەڵ سوپای ئیسرائیل و هۆکاری هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنی، هێرشەکەی دواخستووە.
ئامانجی هێرشەکە کردنە ئامانج و پێکانی ڕێبەری ئێران، عەلی خامنەیی و کوڕەکانی و بەرپرسانی باڵای ئێران بوو لە کاتی کۆبوونەوەی هەفتانەیاندا.
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە مانەوەی خامنەیی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی و نەچوونی بۆ پەناگە ژێرزەوییەکان لە کاتی دواکەوتنی هێرشەکەدا، جێگەی سەرسوڕمان بووە بۆیان. ئەم دواکەوتنە دەرفەتی زیاتری بۆ گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی جنێڤ ڕەخساند.
لە کاتێکدا هەندێک بەرپرسی ئیسرائیلی پێیانوایە دانوستانەکان تەنیا بۆ کات کوشتن و خەڵەتاندنی ئێران بووە تا وا هەست بکەن ڕێگەی دیپلۆماسین کراوەیە، هەندێکی دیکەیان دەڵێن گفتوگۆکان جدی بوون و ئەگەر پێشکەوتن بەدی بهاتایە، هێرشەکە هەڵدەوەشایەوە.
لە کۆتاییدا و دوای ئەوەی ئێران ئەو پێشنیازانەی لەلایەن ئەمریکاوە لە جنێڤ پێشکەشی کرابوو ڕەت کردەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل کە پێشتر هەموو ئامادەکارییەکی سەربازییان تەواو کردبوو، بڕیاری دەستپێکردنی هێرشەکەیان دا.