تەندروستی, کۆڤید- ١٩

ھەرێمی کوردستان.. بەرزترین رێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کرا

- وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان: "لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٢٠ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) و ٣٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە"

Heman Hussein Yaseen  | 26.09.2020 - نوێکردنەوە : 27.09.2020
ھەرێمی کوردستان.. بەرزترین رێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کرا

Arbil

ھەولێر - AA

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٢٠ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) و ٣٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٤٥ ھەزار و ٢١٥حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە ھەزار و ٦٥٠ کەس.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩)ی بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار ھەزار و ٢٥٣ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و، دەرەنجام ٥٢٠ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و ٣٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:

پارێزگای ھەولێر، ١٠٩ تووشبوو و نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدان

پارێزگای سلێمانی، ٩٥ تووشبوو و حەفت حاڵەتی گیانلەدەستدان

ئیدارەی گەرمیان، ٢١ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان

ئیدارەی راپەڕین، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان

پارێزگای دھۆک، ٢٧١ تووشبوو، ١٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان

پارێزگای ھەڵەبجە، ٢٤ تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان

ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٦٤ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە و، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٤٤٧ ھەزار و ٢٧٧ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٤٥ ھەزار و ٢١٥ تووشبوو کە ١٦ ھەزار و ٦٦٧ لە ھەولێر، ١٥ ھەزار و ٦٧٢ لە سلێمانی، ١١ ھەزار ٣٠١ لە دھۆک و، ھەزار و ٥٧٥ لە ھەڵەبجە بووە، لەنێویاندا ھەزار و ٦٥٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٥٥٢ لە ھەولێر، ٨٤٠ لە سلێمانی، ٢٢٧ لە دھۆک و حاڵەت لە ٣١ھەڵەبجە بووە.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و دانانی ماسک و دەستکێش، ھەروەھا لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın