Sarmand Hameed
03 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا پشکنین بۆ ٣٩ هاووڵاتیی گومانلێکراو ئەنجامدراوە و گشت دەرەنجامەکان نێگەتیڤ بووە، واتا هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 نین.
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی پشکنینی بۆ ٣٩ هاووڵاتیی راگەیاند کە گومانی تووشبوونیان بە کۆرۆنا لێکراوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئەوەش هاتووە: "دوای راگەیاندنی پێنج هاووڵاتیی کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بوون، لە ئێستادا باری تەندروستیان زۆر باش و جێگیرە بێ ئەوەی پێویستیان بە هیچ چارەسەرییەک هەبێت تەنها لەژێر چاودێری پزیشکیدان و لە کاتی پێویستبوونیان بە چارەسەری پزیشکی ئەوا کاری پێویستیان بۆ ئەنجام دەدرێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەداهاتووە "دوای زیادبوونی ژمارەی تووشبوان لە وڵاتی ئێران و تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی دیکە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، تیمەکانی تەندروستی لە بازگە ناوەخۆییەکانیش دەست بەکاربوون بۆ پشکنینی ئەو هاووڵاتییانەی کە سەردانی شارەکانی هەرێم دەکەن بۆ دۆزینەوەی گومانڵیکراوان".
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو کەسانەی ئاشکرا کردووە کە لە ئێستادا کەرەنتین کراون و رایگەیاندووە لە ئێستادا دوو هەزارو ٥٦٤ کەس کەرەنتین کراون و بەسەر شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشکراون کە لە هەولێر هەزارو ١٧٤ کەس، سلێمانی ٥٣٥ کەس، دهۆک ٤٤٩ کەس، هەڵەبجە ٨٢ کەس، گەرمیان ٢٠٨ کەس، راپەڕین ١٠٤ کەس و لە کۆیە ١٢کەس، و لە لایەن تیمە تەندروستییەکان چاودێری دەکرێن بۆ چارەسەری پێویست لە کاتی روودانی بارێکی لەناکاو.