هەولێر
نەخۆشانی تووشبوو بە هیمۆفیلیا كە ئامادەی مەراسیمەكە بوون دیاریی كۆمپانیایەكیان وەرگرت.
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری نەخۆشخانەی نانەكەلی بۆ نەخۆشییەكانی خوێن و بەهەماهەنگی كۆمپانیای تەندروستی (EMP) لە هۆڵی هۆتێل دیڤانی شاری هەولێر مەراسیمێكی بۆ یادكردنەوەی رۆژی جیهانی نەخۆشی هیمۆفیلیا بە ئامادەبوونی چەندین پزیشك و بەرپرسی كەرتی تەندروستی و خانەوادەی بەشێك لە تووشبووان بەڕێوە چوو.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر د.سامان حوسێن بەرزنجی لە وتارێكدا لەبەردەم ئامادەبووان گوتی 17ی نیسانی هەموو ساڵێك لە لایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە بە رۆژی هیمۆفیلیا دیاریكراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دوێنێ هەینی بوو، ئەمڕۆ 18ی نیسان ئەم یادە دەكەینەوە، هەندێك نەخۆشییەكان رۆژێكییان لە ساڵدا پێدراوە لەبەر گرنگیی و راوەستان لە هەندێك خاڵ كە پەیوەندیی بە كۆمەڵگە و حكوومەت و چارەسەری هەیە، هیمۆفیلیا یەكێكە لەوانە".
لەبارەی نەخۆشییەكەشەوە بەرزنجی گوتی: "نەخۆشییەكی زگماكییە و یەكێكە لە نەخۆشییەكانی خوێن كە بریتییە لە خوێن بەربوون و رانەوەستانی، گرنگی ئەم رۆژە ئەوەیە كۆمەڵگە هۆشیاری و زانیاریی تەواوی لەسەر هەبێت و تێبگات ئەو نەخۆشییە هیچ پەیوەندییەكی بە پێشكەوتنەكانەوە نییە و لە هەموو دنیا هەیە، نەخۆشییەكی گوازراوە نییە، نەخۆشییەك نییە بەتەواوەتی لێی بترسین و بێ چارەسەر بێت، بەڵكو چارەسەری هەیە و دەبێت وەربگیرێت".
گوتیشی لە هەولێر نەخۆشخانەی نانەكەلی بۆ نەخۆشییەكانی تایبەت بە خوێن هەیە كە ناوی تووشبووان تۆمار دەكات و چارەسەری پێویستییان بۆ دەكات.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە پێویستیشی زانی خانەوادەكان لە كاتی گومان كردن لە تووشبوونی رۆڵەكانییان بە زووترین كات سەردانی نەخۆشخانە و پزیشك بكەن بۆ وەرگرتنی رێنمایی و چارەسەر بەتایبەت لە خۆپارێزی لە خوێن بەربوون، جگە لەوەش بە دووریان بخەنەوە لەو كەلوپەلانەی دەبێتە هۆی برینداركردن یان بەربوونەوەیان كە خوێن بەربوونی لێ دەكەوێـتەوە.
د.سامان بەرزنجی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی" ساڵانە لەهەموو جیهاندا 400 منداڵ بەو نەخۆشییەوە تووش دەبن، لە عێراقیشدا دوو هەزار و 19 تووشبوو بەو نەخۆشییەوە تۆماركراون، لە هەولێریش 150 حاڵەت تۆماركراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان د.خاڵس قادر لە گوتەیەكدا لە بەردەم ئامادەبووانی مەراسیمەكە گوتی "نەخۆشی هیمۆفیلیا نەخۆشییەكە لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان هەیە، ئەگەرچی قوربانییەكانی زۆر زۆر نین، بەڵام ئیدی نەخۆشییەكە جێی بایەخە بەتایبەت لەلایەن رێكخراوی تەندرستی جیهانی، لە هەرێمی كوردستانیش بەگشتی 267 حاڵەت تۆماركراوە، رەنگە هی دیكەش هەبێت كە خۆیان تۆمار نەكردووە".
گوتیشی: "ئەم رۆژە دانراوە بۆ ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ یارمەتیدان و پاڵپشتیكردنی نەخۆشخان و خێزانەكانییان، ئێوەش وەكو خێزانی نەخۆشەكان و وەكو نەخۆشەكان مافی خۆتانە زیاتر لەوەی كە هەیە بایەختان پێبدرێت بە نموونە ئێستا وەكو شوێن، شوێنی چارەسەری باشترتان دەوێت".
دواتر لەلایەن نوێنەری كۆمپانیای (EMP) دیاریی كۆمپانیایەكەی بەسەر بەشێك لە تووشبووان کە ئامادەی مەراسیمەكە بوون دابەش كرد كە بریتی بوو لە ئامێرێکی ئای پاد.